سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش (18)ی ئەم مانگە بکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک بارزانى بۆ کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات و گوتى، "پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی پەیامێکی هەتا بڵێی دڵسۆزانە بوو، پەیامەکەی روون بوو، بۆ برایەتی و پێکەوەبوون."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11/ئایار/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دواى تەواوبوونى رێوڕەسمى کردنەوەى مۆزەخانەى نیشتمانیى بارزانى لە بارزان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا گوتى، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش (18)ی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن''.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەر سەبارەت بە پەیامەکەى سەرۆک بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، "گوێتان لێبوو، پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی ئاشی، یەکترقبووڵکردن و پەیامی دانیشتن بوو پێکەوە، ئینشائەڵڵا ئەوە دەبێتە دەستپێکردن و سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، من پێموایە ئەوە گرنگترین پەیام بوو کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەرچوو".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى زیاتر روونیکردەوە و گوتیشى، پەیامەکەى سەرۆک بارزانى، "روونە و داوا دەکات هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن، من تەسەور دەکەم دەستپێکردنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەر بکەین. گرنگە ئەوەیە لایەنەکان کۆببنەوە، لەهەر شوێنێک کۆببنەوە، ئێمە پشتگیریی دەکەین، بانگەوازی ئەمڕۆی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەبوو کە بە زووترین کات کۆببنەوە". 

لە بەشێکى ترى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "وەک خۆم و بەپێى دەسەڵاتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى هەڵبژاردنم دیاریکردووە، ئەوەی دیکە لەسەر پەرلەمان دەمێنێتەوە، کە دەبێت کۆمیسیۆن و ئەوانی دیکە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە و ئیش بکرێت، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەو هەنگاوانەین و هیوادارین ئەم هەنگاوانە دوای ئەوەی کە هەموو لایەنەکان پێکەوە دانیشتن؛ ئەوانەش چارەسەر بکرێن و هەڵبژاردن لەو کاتەی ئێمە دامانناوە بکرێت".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند، "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەچوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کراوە، بەڵام رێککەوتنێکی دیکەش کراوە کە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە تێیدا بەشدارن."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپارتى کردەوە، ڕێوڕەسمى کردنەوەى مۆزەخانەى نیشتمانیى بارزانى و هاتنى ئەو هەموو کەسایەتیى و نوێنەرى لایەنەکان و وڵاتان، ''ئەم بەشداریکردنە بەربەرینە، بە مانای ئەوەیە؛ بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوە''.

هاوکات گوتیشى، " ئێمە هەرچەند وەکو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی پێکەوەبین، زیاتر دەتوانین دەستەبەری مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، تائێستا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەنێوان یەکێتی و پارتی و ئەو لایەنانەی بەشدارن، هاوئاهەنگییەکی باش کراوە لەوێ، هیوادارم لە کوردستانیش ئێمە شاهێدی فەسڵێکی نوێ بین لە رێککەوتن، لێکتێگەیشتن و پێکەوە کارکردن لە خزمەتی هەموو کوردستان و هەموو عێراق". 

لەسەر پەسندکردنى بودجەى عێراق ئباسى لەوەکرد، "ئەوەی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوەیە کە سەقفێکی زەمەنی دانراوە تاوەکو 17 و 18ی مانگ دەبێت پەسند بکرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین