مەسرور بارزانى: ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان لە قۆناخە سەختەکاندا بەرز دەنرخێنین کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی لە مامۆستایان دەکات و ڕایدەگەیێنێت، "یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ڕۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا."

ئەمڕۆ دووشەممە (15/ئایار/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى پیرۆزبایی ئاراستەى مامۆستاى کوردستان کرد و دەڵێت، "هیوادارم مامۆستایانی كوردستان، سەرکەوتووانە لە ئەرک و ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بەردەوام بن لە پێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر."

 

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەبۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ڕۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پیشەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان.

لەم بۆنەیەدا، بە سوپاس و پێزانینەوە ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان.

هیوادارم مامۆستایانی كوردستان، سەرکەوتووانە لە ئەرک و ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بەردەوام بن لە پێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر، بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموولایەک، کوردستان زیاتر گەشە بکات و لە هەموو بوارەکاندا پێشبکەوێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

15 ئایار 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین