مسرور بارزانى: سوپاسى تیمى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەم کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەبارەت بە پەسندکردنى بودجەى سوپاسى دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەشڵێت، پەیوەندیى بە مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە کردووە و سوپاسى کردووە.

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."

 

 

دەقی پەیامى سەرۆکى حکووومەتى هەرێمی کوردستان:

 ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد . هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

 سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ  ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون.  هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان. 

 ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین . ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە.

 هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە ، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا . ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات . 

 لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت ، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

 لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان .

 تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.

 هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت . 

 

 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/3/31

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین