تۆمارکردنى دامەزراوە بارزگانییەکان لە هەرێمى کوردستان بە دیجیتاڵى دەکرێت رەنگاورەنگ

نوچەنێت:

حکومەتى هەرێمى کوردستان سیستەمێکى نوێى دیجیتاڵی  بۆ تۆمارکردنى کۆمپانیا بازرگانییەکان ڕادەگەیێنێت و و لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت،"چیتر بە ماوە و تێچوویەکى زۆر، کۆمپانیا و ناوى بازرگانى تۆمار ناکرێت، بەڵکوو لە هەر شوێنێک بێت 80% هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی 24 کاتژمێری کارکردندا ناوى بازرگانییەکە تۆمار دەکرێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (چوارى حوزەیران/2023) حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، "بە ئامانجی ئاسانکارى و کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە ڕاییکردنى کارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن."

دەقى پڕۆژەى سیستەمى نوێى دیجیتاڵى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنى دامەزراوە بازرگانییەکان:

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی ئاسانکارى و کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە ڕاییکردنى کارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.

لە ڕێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، لە هەر کات و شوێنێک بێت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن. بەمەش "ژمارەى یەکەی بێهاوتا" دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکى تۆمارکراو تا بە ئاسانى سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەى حکومەت ببینن.

ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی کوردستان، نوسینگەی سەرۆک وەزیران، نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و هاوتەریبیشە لەگەڵ ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا.

پێشکەوتن و بەراوردکردن

سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان، بە چەندین تایبەتمەندییەوە شوێنی پڕۆسەی کارکردنی پێشوو دەگرێتەوە. پێشتر پێویست بوو داواکار چەندین جار سەردانی فەرمانگە و بەشە جیاوازەکانى بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارى دامەزراوە بازرگانییەکان بکات، تا بە پڕۆسەیەکى دوور و درێژ و تێچوویەکى زۆر و دوو داواکاریى جیاواز، ناوی بازرگانی یان کۆمپانیاکەی تۆمار بکات، ئەمەش جۆرێک لە ئاڵۆزی و بێزاری دروست کردبوو، و ئەم کەموکوڕییانە ڕێگر بوون لە پێشکەوتنی ئابووری و گەشەی کۆمپانیاکان و دەستپێشخەریی خاوەنکاران.

سوودەکانی بەدیجیتاڵیکردنى سیستەمە نوێیەکە

ئەم سیستەمە نوێیە، چەندین سوودى هەیە، چیتر بە ماوە و تێچوویەکى زۆر، کۆمپانیا و ناوى بازرگانى تۆمار ناکرێت، بەڵکوو لە هەر شوێنێک بێت 80% هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری کارکردندا ناوى بازرگانییەکە تۆمار دەکرێت. هەروەها داواکار بە شێوەی گەڕانی ئۆنلاین، دەتوانێت ناوە بازرگانییەکەى پشتڕاست بکاتەوە، تا کەسی دیکە نەتوانێت بە هەمان ناو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا تۆمار بکات.

ئەم سیستەمە، ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو دەکات، ئەوەش بە پێشکەشکردنی لیستی چالاکییە بازرگانییەکان لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی پیشەسازی و ستانداردی نێودەوڵەتیی، بەمەش ڕێگە بە داواکار دەدرێت شەفاف و ئاسان چالاکییەکانی لە لیستە دیاریکراوەكەی نێو پۆرتاڵەکە هەڵبژێرێت و ڕێنمایی و زانیاری ڕوون و پێویستى دەست بکەوێت. تۆماری ناوی بازرگانی و کۆمپانیاکان، لەم سیستەمە نوێیەدا لە پۆرتاڵێکدا کۆ کراونەتەوە کە پڕۆسەکە بە گشتی ئاسانتر دەکات.

لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە، داواکار دەتوانێت ئاراستە و چۆنییەتیی ڕاییکردنى کارەکانى تۆمارکردنەکەى ببینێت و بە دروستبوونى "ژمارەى یەکەی بێهاوتا" بۆ هەر دامەزراوەیەکی تۆمارکراو، ڕێگا بە داواکار دەدرێت دەستى بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی دیکەی حکومەت وەک دەستەبەرى کۆمەڵایەتی، باج و گومرگ بگات.

ئەم سیستەمە نوێیە، هەنگاوێکی بەرچاو و مۆدێرنە لە تۆمارکردنی دامەزراوەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە گەشە و بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری و زیادبوونی هەلی کار.

لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ئاسانکارى و پێشخستنى حوکمڕانییەکی کارامە دووپات دەكاتەوە و لەو ڕووەشەوە هەنگاوى بەهێزى لە بوارى تەکنەلۆژیای نوێ ناوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین