مەسرور بارزانى: دەتوانرێ بەنداوەکان بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانى وزەش سوودى لێوەربگرین کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێوڕەسمى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەى بەنداوى بەستوڕە ڕایگەیاند، "بەنداوەکان دەتوانن یارمەتیدەرێکی باشبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاو گلبدەینەوە، بەتایبەتی لەو وەرزانەی ئاو هەیە و لەو وەرزانەی ئاو نییە."

ئەمڕۆ شەممە (24/حوزەیران/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەشدارى چەندین وەزیر و پارێزگارى هەولێر، بەردى بناغەى بەنداوى بەستۆڕەى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دانا.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى لە ڕێوڕەسمەکەدا وتارێکى پێشکەشکرد و گوتى، "بەنداوە بە پسپۆڕی و توانای ناوخۆیی دیزاینکراوە و جێبەجێشدەکرێت. ئاوی ئەم چەمە لە باران لە زستان، بەهۆی بارینی بەفر و باران زۆر دەبێت، بەڵام لە هاوینان وشک دەبێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە، لەم ناوچەیە لە هەموو وەرزەکانی ساڵ دەتوانین ئاو گلدەینەوە و ئەم بەنداوە پڕبێت لە ئاو و ئاوەدانی."

 

بەشێک لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕیوڕەسمى دانانى بەردى بناغەى بەنداوى بەستۆڕە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، ئامادەبووانی هێژا زۆر زۆر بەخێربێن، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان

خۆشخاڵم لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە، کە بە دڵنیاییەوە سوود و قازانجێکی زۆری دەبێت بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە. دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم و هیوادارم ئەم پڕۆژەیە لە کاتی خۆی و بەو ستاندارد و مەرجانەی پێشتر دیاریکراون، وەکو خۆیان جێبەجێبکرێت.

جێگەی دەستخۆشییە ئەم بەنداوە بە پسپۆڕی و توانای ناوخۆیی دیزاینکراوە و جێبەجێشدەکرێت. ئاوی ئەم چەمە لە باران لە زستان، بەهۆی بارینی بەفر و باران زۆر دەبێت، بەڵام لە هاوینان وشک دەبێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە، لەم ناوچەیە لە هەموو وەرزەکانی ساڵ دەتوانین ئاو گلدەینەوە و ئەم بەنداوە پڕبێت لە ئاو و ئاوەدانی.

وەک چۆن لە ساڵانی رابردوو بەستۆڕە شوێنێکی گەشتیاری بووە و خەڵکی ئەم دەڤەرە، ئێمە دیسان بتوانین پەرە بە بووژاندنەوەی ئەم ناوچەیە بدەین، بۆ ئەوەی جارێکی تر جێگەی سوود و مفای خەڵکی ئەم دەڤەرە بێت.

سەرەکیترین ئەو سوودانەی ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین، ئەوەیە ئاو گلدەینەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی خواردنەوە بێت یان کشتوکاڵ، بەڵام هەندێک جار بەنداوە گەورەکان بۆ بابەتی وزە دەتوانن بەکاربهێندرێن، بابەتی کشتوکاڵیش بەهەمان شێوە وەکو ئەوەی باسم کرد. بۆ بابەتی گەشتیاریش، بەتایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێکی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن.

ئێمە دەتوانین یارمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە بدەین بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە سامانی ماسیش وەربگرن لە دروستکردنی ئەم جۆرە بەنداوانە. وەک بەشێک لە ستراتیژی و پلانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خوراک، ئەوە بووە کە ئێمە بڕیارمانداوە چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە شوێنە جیاجاکانی کوردستاندا دروست بکەین لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەم بەنداوانە دروست بکەین کە بە خۆشحاڵییەوە هەندێک لەو بەنداوانە جێبەجێکراون و هەندێکیشیان خەریکن جێبەجێیان دەکەن. هەندێکیشیان دیزاینیان بۆ کراوە، بەرنامەیان بۆ داندراوە، لە داهاتوو ئینشائەڵڵا ئەوانەش جێبەجێ دەکرێن.

دوای تەواوبوونیان، ئەمانە هەموویان دەتوانن سوود و گرنگییەکی یەکجار زۆریان هەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و بەشەک هەروەکو باسم کرد لەو بەنداوە گەوروانە دەتوانن وزەش بەرهەم بهێنن.

دروستکردنی ئەم بەنداوانە کاریگەریی زۆریان لە پەرەپێدان و سەقامگیری ئابووریش دەبێت، چونکە ئاو سامانێکی ئابووری و نیشتمانی زۆر گرنگ و بەهادارە و ئەرکی هەموومانە کە کارێکی وا بکەین دەست بە ئاودا بگرین و بەهەدەری نەدەین و خەساری نەکەین.

دروستکردنی ئەم بەنداوانە کاریگەرییەکی زۆری لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاریش دەبێت. بەتایبەتی خەڵکی ئەم ناوچانە دەتوانن دوای ئەوەی کە بەنداوەکە دروستکرا، شتی باش لێرە دروستبکەن، بۆ مەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزاری.

بەنداوەکان دەتوانن یارمەتیدەرێکی باشبن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاو گلبدەینەوە، بەتایبەتی لەو وەرزانەی ئاو هەیە و لەو وەرزانەی ئاو نییە، ئێمە بتوانین ئەو ئاوەی لەم بەنداوانە گلدەدرێتەوە، دواتر بە مەبەستی جیاجیا بەکاریانبهێنین.

هەندێک لە بەنداوە گەورەکانی ئێمە تەنها سوودەکانیان بۆ کوردستان نەبووە، بەڵکوو وەکو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، سوودەکانیان بۆ هەموو ناوچەکانی تری عێراقیش هەبووە، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی فیدراڵی یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە نووژەنکردنەوەی ئەم بەنداوانە یانیش لە دروستکردنی ئەو بەنداوە نوێیانەی کە لە بەرنامەکەماندا هەیە.

لە کۆتاییدا من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پڕۆژەیە دەکەم. هیوادارم سەرکەوتوو بن و هەروەها دەتوانم ئەوەش بڵێم کە حکومەت بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی ئێوە دەبێت. تاوەکو ئێمە بتوانین پڕۆژەی هاوشێوە لە هەموو شوێنەکانی تری کوردستان دروست بکەین.

جارێکی تریش زۆر زۆر بەخێربێن هەر شاد و سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین