یەکگرتووى ئیسلامى بە پڕۆژەیەکى نوێ بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە دروشمى (چوارچێوەی نیشتمانیی بەرەی دەنگی ناڕازی) پڕۆژەیەکى ڕاگەیاند و دەڵێت، داوا لە خەڵکى ناڕازى دەکەین بەشدارى تێدا بکەن.

ڕۆژى پێنجشەممە (10/ئاب/2023) یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان پڕۆژەیەکى نوێى بە ناوى (چوارچێوەی نیشتمانیی بەرەی دەنگی ناڕازی) ڕاگەیاند و لە پڕۆژەکەدا هاتووە،  "دوای زیاتر لە 30 ساڵ، هەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و ئاڵۆز و خراپدا گوزەر دەکات، بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو نەبووە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکات، بە جۆرێک ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە دەست گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت و چەندین گرفتی سیاسی و ئابووری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و هی دیکە دەناڵێنێت."

پڕۆژەکەى یەکگرتووى ئیسلامیى دەشڵێت، "پاشەکشێ لە ئازادییە گشتییەکان، ئازادیی رۆژنامەگەری، دیموکراسییەت، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا" روویداوە. دەشڵێت، "هەموو ئەمانە دەخوازێت لە روانگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانییەوە ئێمە وەکو هێز و لایەن و رێکخرا و کەسایەتی و دەنگە ناڕازییەکانی شەقامی کوردستان هەڵبستین بە خۆڕێکخستن لە (چوارچێوەی نیشتمانیی بەرەی دەنگی ناڕازی) بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە ئامانجی گۆڕانکاریی ریشەیی هەمەلایەنە و بەدەستهێنانی رێژەی دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و شوناسی ئایینی و ئەخلاقی گەلەکەمان و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکی دادپەروەر."

هاوکات دووپاتى دەکاتەوە، "پڕۆژەیەکی نیشتمانیی هەمەلایەنی گشتگیرە بۆ رێکخستنی هێز و لایەن و رێکخراو و هەموو دەنگە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە پڕۆژەیەکی هاوبەش."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین