سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: دەبێت حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات کوردستانی

نوچه‌نێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی 35 ساڵەی ئەنفالی بادینان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە دەبێت بەغدا ئەركی خۆی لە بەرانبەر كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال جێبەجێ بكات.

دەقی پەیامەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی :

له‌ یادی (35) ساڵه‌ی ئه‌نفالی بادیناندا، به‌ ڕێز و شكۆدارییه‌وه‌ یادی شه‌هیدانی خه‌ڵكی سڤیلی بادینان و ته‌واوی قوربانییانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌كه‌ینه‌وه. ساڵی 1988 له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بادینان (182) هه‌زار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان به‌ منداڵ و ئافره‌ت و پیر و گه‌نجه‌وه، بوونه‌ قوربانیی ئه‌و تاوانه‌. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكیان ده‌نێرین. 

دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق، شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی به‌ جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، بۆیه‌ له‌ كاتێكدا گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌نفال به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵی، ده‌بێ ئه‌ركی خۆی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خێزان و كه‌سوكاری قوربانییان جێبه‌جێ بكات و له‌ ئێش و ئازاریان كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌م یاده‌دا سوپاس و پێزانینمان بۆ خه‌ڵكی جوامێر و دڵسۆزی هه‌ولێر و به‌حركه‌ و ده‌وروبه‌ریان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی جێژنیكان به‌ هانای ڕاگوێزراوان و لێقه‌وماوانی ئه‌نفالی بادینانه‌وه‌ چوون و ده‌ستی یارمه‌تی و هاوكارییان بۆ درێژ كردن. 

خزمه‌تكردنی باشتری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان، ته‌بایی و یه‌كڕیزیی ناوخۆییمان، كاری جددی و هه‌وڵدان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی وه‌ك ئه‌نفال و ناساندنی به‌ جینۆساید له‌سه‌ر ئاستی جیهان، باشترین یادكردنه‌وه‌ و وه‌فادارییه‌ بۆ گیانی پاكی قوربانییانی ئه‌نفال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان.

ده‌بێ مێژوو و ڕابردووی تاڵی گه‌لانی عێراق، وانه‌ و په‌ند و هانده‌ر بن بۆ كاری پێكه‌وه‌یی و یه‌كترقبووڵكردن و مسۆگه‌ركردنی مافی ته‌واوی پێكهاته‌كان له‌ عێراقی نوێدا، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی ڕابردوو دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و ئازادی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌مووان پارێزراو بن. 

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
2023/8/25
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین