مەسرور بارزانی: جێگەی داخ و نیگەرانییە تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەكراوە کوردستانی

نوچه‌نێت

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یادی 35 ساڵەی كارەساتی ئەنفالی بادینان پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "جێگەی داخ و نیگەرانییە تا ئێستا ماددەی 132 ی دەستوور جێبەجێ نەكراوە كە تایبەتە بە قەرەبووی زیانلێكەوتووان".

ئەمڕۆ هەینی 25ی ئابی 2023 مەسرور بارزانی لە یادی ئەنفالی بادینان پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەمە دەقەكەیتی:

لە ( 35 )مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال لە دەڤەری بادینان، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە.

لەم هێرش و پەلامارانەدا ، کە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، هەزاران خەڵکی بێتاوانی بادینان ئەنفالکران و بە دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان گوندیش تێکدران و لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراودا، زیانێکی زۆر گەورە بە ناوچەکە گەیشت.

جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.

لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە، کە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقە، کە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە کە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جێنۆسایدکردن نابنەوە.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین