مه‌سرور بارزانى: چاوه‌ڕوانین حكومه‌تى فیدڕاڵى شایسته‌ داراییه‌كانى سێ مانگ بنێرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، حكومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى به‌غدا ده‌كات شایسته‌ داراییه‌كانى سێ مانگ بنێرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌وتى نیسان، مه‌سرور بارزانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانى و ده‌بێت حكومه‌تى فیدڕاڵیش ئه‌ركه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات له‌ به‌رانبه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان.

مه‌سرور بارزانى دووپاتیشى كرده‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كات به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانى مانگى یه‌ك و دوو و سێ بنێرێت. مه‌سرور بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ و گوتى، "به‌ر له‌ هه‌موو شتێك گرنگى به‌ دابینكردنى مووچه‌ ده‌ده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ لێبڕینى مووچه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتى، "حكومه‌تى هه‌رێم زیاتر له‌ هه‌ر لایه‌نێك په‌رۆشى ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ به‌ ته‌واوى بدرێت". دواتر هیواى ئه‌وه‌ى خواست له‌ نزیكترین كات لێبڕینى مووچه‌ نه‌مێنێ و دووپاتیشى كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ له‌ مه‌سرور بارزانى كرا ئه‌گه‌ر به‌غدا خۆى له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ بدزێته‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان چۆن مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دابین ده‌كات؟ له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم گوتى، "له‌ ماوه‌ى 10 مانگى رابردوودا به‌غدا هیچ شایسته‌ دارایى هه‌رێمى نه‌ناردووه‌، كه‌چى به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى مووچه‌مان دابینكردووه‌، بۆیه‌ خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى جێبه‌جێ نه‌نارد، ئه‌وا مووچه‌ وه‌ك پێشوو ده‌بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە