سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له سه‌ربه‌خۆییى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌كاته‌وه
نوچەنێت:
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (27/ئاب/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا پێشوازى له (60) ده‌رچووى په‌یمانگه‌ى دادوه‌رى كرد كه (45)یان وه‌ك دادوه‌ر و (15)یان وه‌ك جێگرى داواكارى گشتى سوێندى یاساییان خوارد، له‌و ژماره‌یه (24)یان ئافره‌تن و به‌سه‌ر ناوچه‌كانى هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیاندا دابه‌ش ده‌بن.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە بەشێکى وتارەکەیدا گوتى، "دادوه‌رى، بنه‌ماى حوكمڕانییه لە هەر وڵاتێك. پارێزه‌رى كۆمه‌ڵگه و پارێزەری سیستمى سیاسییه لە هەر وڵاتێك. بۆ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كانى دنیا، سه‌ربه‌خۆییى دادوه‌رى، سه‌روه‌ریى یاسا، هه‌بوونى متمانه به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پێویستییه‌كى له‌پێشینه و ژیرانەیە. بنه‌ماى پێشكه‌وتنى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵاتییه."
دەقى وتارەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:
به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى،
دادوه‌ران،
ئه‌ندامانى داواكارى گشتى،
جەنابی وەزیر،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ڕۆژتان باش..
هەموولایەكتان بە خێر بێن..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ پێكه‌وه به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى (60) ده‌رچووى به‌ڕێزى خولى چواره‌مى په‌یمانگه‌ى دادوه‌ران ده‌كه‌ین كه (45) دادوه‌ر و (15) جێگرى داواكارى گشتین. جێى خۆشحاڵییه‌كى زۆره كه لەنا‌و ئەو ژماره‌یه، بیست و چوار خانمى به‌ڕێزن و به‌سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و گه‌رمیاندا دابه‌ش بوون. به گه‌رمى ده‌ستخۆشى و پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م.
بوون به دادوه‌ر، ئه‌ركێكى سه‌خته و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به خوا و بەرامبەر بە ویژدان و بەرامبەر بە كۆمه‌ڵگه و بەرامبەر بە مرۆڤایه‌تى. به ڕاستى ئێوه پیشه‌یه‌كى قورستان هه‌ڵبژاردووه، هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم لەم ڕێگە سەختەی كە هەڵتانبژاردووە و خوای گەورە سه‌رفرازتان بكات و سەركەوتوو بن.
پاش ئه‌وه‌ى په‌یمانگاى دادوه‌ریتان سه‌ركه‌وتووانه ته‌واو كرد، ئێوه‌ى به‌ڕێز چ وه‌ك دادوه‌ر، چ وه‌ك جێگرانی داواكارى گشتى، كه سوێندى یاساییتان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن، ئه‌مه بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕووداوێكى گرنگ و جێى بایه‌خێكى به‌رچاوه. ئێوه ڕاسته‌وخۆ سه‌روكارتان له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و داوا و مافه‌كانیانه. ئێوه پارێزه‌رى مافه‌كانى هه‌موو چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا و ماف و موڵك و به‌رژه‌وه‌ندیى گشتین.
به‌ڕێزان..
دادوه‌رى، بنه‌ماى حوكمڕانییه لە هەر وڵاتێك. پارێزه‌رى كۆمه‌ڵگه و پارێزەری سیستمى سیاسییه لە هەر وڵاتێك. بۆ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كانى دنیا، سه‌ربه‌خۆییى دادوه‌رى، سه‌روه‌ریى یاسا، هه‌بوونى متمانه به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پێویستییه‌كى له‌پێشینه و ژیرانەیە. بنه‌ماى پێشكه‌وتنى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵاتییه.
ئه‌ى ده‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى وه‌ك كوردستان چه‌نده له‌پێش و گرنگ و پێویست بێت كه له قۆناغى ڕاگوزه‌ردایه و كوردستان ده‌یه‌وێ ئه‌و سیستمه دیموكراسییه به‌هێزتر بكات كه دایمه‌زراندووه؟
دڵنیام هه‌مووتان وته و ڕوانینى وینستۆن چه‌رچل سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا و شارل دوگۆل سه‌رۆكى فه‌رنسا له سه‌رده‌مى شه‌ڕى دووه‌مى جیهانیدا ده‌زانن. كاتێك له گه‌رمه‌ى شه‌ڕدا خه‌ریكبوو له‌نده‌ن له‌ژێر ئاگرى بۆمببارانى نازییه‌كاندا وێران ده‌بوو، چه‌رچل له وه‌زیرى داد ده‌پرسێت: دۆخى دادوه‌رى چۆنه؟ كه وه‌زیر له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: باشه!
چه‌رچل وته ناوداره‌كه‌ى خۆی دەڵێت كە ئەویش: كه‌واته مه‌ترسن، به‌ریتانیا سه‌لامه‌ته.
هه‌روه‌ها دواى ڕزگاركردنى فه‌ره‌نسا له داگیركاریى نازییه‌كان، كه سه‌رۆك دوگۆل گه‌ڕایه‌وه پاریس، پرسیار له هاوڕێیه‌كى ده‌كات: دۆخى دادوه‌رى و داگاكان له وڵات چۆنه؟ وه‌ڵامى ده‌داته‌وه: هێشتا باشه.
ئینجا دوگول ده‌ڵێ: كه‌واته ده‌توانین سه‌رله‌نوێ فه‌ره‌نسا بنیات بنێینه‌وه!
له كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كاندا، ئاوا له دادوه‌رى ده‌ڕوانن، بۆیه بێگومان بۆ ئێمه له هه‌رێمى كوردستان، سه‌ربه‌خۆییى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و سه‌روه‌ریى یاسا، كۆڵه‌گه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى حوكمڕانییه‌كى دروست و سه‌ركه‌وتووه لە وڵات‌دا. بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتى بڕوا و متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به یاسا و دادگا هه‌بێت، ده‌بێ دڵنیا بێت له‌وه‌ى مافه‌كانى ده‌پارێزرێن.
بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، یاسا و دادپه‌روه‌رى جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى به ڕاستى جێى متمانه و پارێزه‌رى مافى هه‌مووان بێت، ڕۆڵى دروستى خۆى له بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئاسووده‌ى مه‌ده‌نى و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى حوكمڕانیدا بگێڕێت، له كاتى لێكۆڵینه‌وه و بڕیارداندا، ده‌بێ به ته‌واوەتى بێلایه‌ن و دادپه‌روه‌رانه، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بن.
ئه‌وه ئه‌رك و به‌رپرسیارییه‌كى مه‌زنه، له ئه‌ستۆى دادوه‌ران، له ئه‌ستۆى ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا. ئێوه له‌به‌رده‌م خودا و ویژدان و مرۆڤایه‌تیدا ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه هه‌ڵده‌گرن. ئێوه ده‌بێ له ئاستى ئه‌و ئه‌رك و په‌رپرسیاریه‌تییه‌دا بن.
به‌ڕێزان..
یاسا ده‌سه‌ڵاتى به دادوه‌ر داوه كه ئازاد بێت. ئه‌وه ئه‌ركى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادوه‌رانه سه‌ربه‌خۆییى خۆیان بپارێزن. ئه‌ركى دادوه‌ره ده‌بێ خۆى قبووڵى نه‌كات و ڕ‌ازى نه‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك، هیچ شتێكى به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنن.
هاووڵاتى كاتێك شه‌و به ئاسووده‌یى سه‌ر ده‌نێته‌وه، كاتێك متمانه‌ى به یاسا و وابه‌سته‌یى به وڵات و نیشتمانه‌وه هه‌یه كه دڵنیا بێت له‌وه‌ى دادوه‌رى، دادگا و دادوه‌ران سه‌ربه‌خۆن. دڵنیا بێت له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ڕۆژێك مافى پێشێل كرا، یاسایه‌كى سه‌روه‌رە له سه‌رووى هه‌مووانه‌وه‌یه، به‌رگرى و پارێزگارى لێ ده‌كات. ماف و شكۆى بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاووڵاتى ئه‌و بڕوا و متمانه‌یه‌ى نه‌بوو، دڵنیا بن، هیچ شتێكى دیكه ڕاسته‌ڕێ نابێت.
بۆیه به‌ڕێزان، هه‌موو پشتگیرییه‌كتان لە سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى وڵات و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌یه.
بێگومان، نه‌مانگوتووه و ناڵێین له هه‌رێمى كوردستان هیچ كێشه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆییى دادوه‌رى و سه‌روه‌ریى یاسادا نییه! ناڵێین هه‌موو شتێكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دروسته و له‌ژێر هیچ گوشارێكى سیاسی‌دا نییه!
كێشه و ته‌حه‌دیى جددى له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری هه‌یه كه پێویستى به چاككردنەوە و چاكسازییه. به‌ڵام ئەوەی كە گرنگە، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه، ئێمه ئیراده‌یه‌كى جددیمان هه‌یه، سوورین و به‌رده‌وام له كار و هه‌وڵداین بۆ چاككردنى. ئێوه‌ش لاى خۆتانه‌وه هه‌نگاو به هه‌نگاو، ده‌توانن گرفته‌كان نه‌هێڵن.
ده‌توانن یاسا سه‌روه‌ر بكه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن ده‌ستێوه‌ردان له ئه‌رك و بڕیاره‌كانتاندا بكرێت كە بە دڵنیاییەوە دەیڵێم دەسەڵاتی دادوەری ئەو ڕێكچكەیەی گرتووە و لەسەر ئەوە دەڕوات و بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان زۆرن، لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان ئاسان نین، بەڵام ئەوە وەك ئامانجێك دەستنیشان كراوە و دادوەرەكان لەسەری دەڕۆن.
به‌ڕێزان..
گرنگه به‌رده‌وام تواناكانتان پێشبخه‌ن. له دادوه‌ریدا ڕه‌چاوى مافه‌كانى مرۆڤ و پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن، خولى شیاندن و به‌هێزكردن له هه‌موو بواره‌كاندا ببینن، ئه‌وپه‌ڕى سوود له ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ربگرن، په‌یوه‌ندى و هاوكاریى به‌رده‌وامتان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى دادوه‌ریدا له عێراق و لە جیهاندا هه‌بێت.
کاتی خۆی كه یاسای پەیمانگای دادوەران ئامادە کرا، کۆمەڵێک ئامانجمان هەبوو، لەوانە: پێگەیاندنی دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و مەعریفییان، تا دەسەڵاتی دادوەری هەم لەڕووی دامەزراوەیی، هەم لەڕووی توانای مرۆیی بە شێوەکی پێشکەوتوو، ببێته هۆى بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتی دادوەرى، هه‌روه‌ها حوکم و سەروەریی یاسا تۆکمەتر و کاراتر بن.
ئێستا ئێمە ئەمڕۆ بەرهەمی پەیمانگای دادوەری دەبینین کە زادەی ئەو یاسایه‌یه لە هەرێمی كوردستان. ئه‌مه مایەی خۆشحاڵی و پێزانینی ئێمه‌یه.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ داكۆكى له‌وه بكه‌مه‌وه كه پێویسته پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە داواکاری گشتی ئاماده بكرێت تا ڕێكخستنێكى یاسایییانه بۆ كاره‌كانى و په‌یكه‌رێكى تۆكمه‌ى دامه‌زراوه‌یى بۆ ئامادە بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بخرێتە بەردەم پەرلەمانی داهاتووى کوردستان بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردن.
دووباره پیرۆزبایى له هه‌موو ده‌رچووان، به‌ڕێزان دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش پیرۆزباییەكی گەرمی خانمانى به‌ڕێز دەكەم. هیوادارم ده‌ستبه‌كاربوونتان به‌شێك له كه‌موكوڕییه‌كانى ئه‌و بواره پڕ بكاته‌وه. ببنه‌نه نموونه‌ى نه‌وه‌یه‌كى تازه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به گیانێكى تازه‌وه، سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه ئه‌ركه‌كه‌تان ڕاپه‌ڕێنن و متمانه و دڵنیایى له‌ناو هاووڵاتییاندا به‌هێز و بەهێزتر بكه‌ن.
سوپاس و ده‌ستخۆشى و پێ‌زانین بۆ په‌یمانگاى دادوه‌رى. ئێوه ئه‌ركێكى پیرۆز به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن و خوا پشتیوانتان بێت.
سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان و هیواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم و دیسانەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە هەرهەمووتان دەكەم و زۆر بە خێر بێن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment