نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەستگیرکردنى گەنجانى کورد لەکەرکووک بەردەوامە کوردستانی

نوچەنێت:

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر خۆپێشاندانەکانى کەرکووک و دەستگیرکردنى گەنجانى کورد ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، (40) هاووڵاتى کورد دواى دەستگیرکردنیان چارەنووسیان دیار نییە.

ڕۆژی دووشەممە (چوار/ئەیلوول/2023) نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی خۆپێشاندان بۆ کردنەوەی رێگەی نێوان هەولێر - کەرکووک دەستکراوە بە رەشبگیرییەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستگیرکراون، بەشێوەیەک تائێستا سۆراخیان دیارنییە، ئاماری دەستگیرکراوان لە هەڵکشاندایە و تائێستا 40 هاووڵاتی دەستگیرکراون. هەروەها 14 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە جگە لەوەی چەند هاووڵاتییەکی دیکە بەردباران کراون و بریندارن."

 سەبارەت بە لێکەوتەکانى خۆپێشاندانەکانى کەرکووک نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکات، "ئەم رووداوە چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە دەستگیرکراون. ئێستا رێگەکان کراونەتەوە، بەڵام چەند لایەنێک بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنامیەکی پێکەوەژیانە."

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشێلکارییەکانی ئەم رووداوانەى شارى کەرکووک کە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە لە چوارچێوەی رێسا نێودەوڵەتییەکان بەرزبکرێتەوە بۆ مەبەستی بەرز راگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتەکان بەپێی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان کە وڵاتی عێراق ئەندامە تێیدا و ئەو پلانە نیشتمانییەی کە حکومەتی فیدراڵ پێی پابەندە لە پاراستنی ئازادییەکان."

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواى پێدانى مۆڵەت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەشڵێت، "لە دوای رووداوەکانی 16ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، دەزگا ئەمنییە لۆکاڵییەکان نەیاتوانیوە کەشێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەی پارتە سیاسییە کوردییەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە رامیارییەکانیان لە ناو شاری کەرکووک."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین