مەسرور بارزانى: هەوڵدەدەین ئەو قەیرانى ئێستا هەیە تێیپەرێنین کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی دواناوەندی تێکەڵاوی کردەوە و دواتر زەنگى دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندنى لە هەرێمى کوردستان لەهەمان قوتابخانە لێدا.

ڕۆژى چوارشەممە (13/ئەیلوول/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە رێوڕەسمى کردنەوەى قوتابخانەى دواناوەندى کۆرى لە هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەم قەیران و دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت".

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتیشى، "ئەو ماندوبوونەوەی ئەم مامۆستایانە کە بەردەوامبوون لە خزمەتکردن و وانەوتنەوە بە قوتابییان و بە کەرتی پەروەردە، جێی شانازی و پێزانینی هەموو لایەکمانە، من سوپاسێکی بێ پایانم بۆ خۆڕاگری مامۆستایان هەیە."

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایانی بەڕێز قوتابیانی خۆشەویست ئامادەبووانی هێژا، پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لەئێوەی خۆشەویست دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

خۆشحاڵم کە لێرەین لەگەڵ ئێوە بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانە نوێیە، کە بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەردەمیانە دروستکراوە. لە بیرمە دوو ساڵ پێش ئێستا کە هاتین بۆ سەردانی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاو بە گوندی کۆری و قوتابخانەکەتان کەوتبوو، هاتین سەردانی ئەم شوێنەمان کرد. ئەو کاتە گەنجێک هات بۆ لای من و، وامزانی داوای هاوکاری بۆ خێزانەکەی دەکات، بەڵام گوتی "دەمانەوێت قوتابخانەیەکمان بۆ دروست بکەن"، ئێمە هەر لەو وەختەدا بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قوتابخانەیە دروست بکەین، داوامان لە کەرتی تایبەت کرد و، بە سوپاسەوە ئەو کاتە، کاک شێخ فاخر شێخ تەیب ئەم ئەرکەی گرتە ئەستۆ و داواکەی قبووڵ کرد و ئەم قوتابخانەیەی دروست کرد، لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسی کاک شێخ فاخر و گرووپەکانی قەیوان بکەم کە ئەمە چەندین قوتابخانەیە پێشکەشی قوتابییە خۆشەویستەکانی کوردستان دەکەن، زۆر زۆر سوپاس، هیوادارم نموونەتان زۆر بێت.

بۆ ئێمە بۆ قوتابیە خۆشەویستەکان بۆ کوردستان، پەروەردە و خوێندن سیمای وڵاتەکەمان نیشان دەدات، بۆیە گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و پەروەردەی نەوەی نوێ و بۆ داهاتووی کوردستانیش دەدەین.

لێرە دەبینین قوتابییە خۆشەویستەکان کە دێنە ئێرە، نەک تەنیا فێری خوێندن دەبن، بەڵکو فێری پەروەردەش دەبن، دەمانەوێت بە باشترین شێوە، خوێندن و پەروەردە لە کوردستان بەرەو پێش ببەین، بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان بتوانن ئەو بەهرانەی کە هەیانە بە بەرژەوەندی و پێشخستنی وڵاتەکەیان بەکاربێنن، بۆئەوەی وافێربن وڵاتەکەیان خۆشبوێت، ژینگەی جوانی کوردستان بپارێزن، بۆ ئەوەی قەدر و قیمەتی زەحمەتی پێشمەرگە و ئەوانەی خۆیان ماندوکردووە و ئەم کوردستانەیان بۆ دروستکردوین، بە بیریان بێتەوە و قەدریان بزانن و پارێزگاری لێبکەن.

لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسێکی تایبەتی وەزیری پەروەردە، د. ئالان حەمەسەعید و هەموو ستاف و کارمەندانی کەرتی پەروەردە بکەم کە زۆر خۆیان ماندوکردووە بۆئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی قوتابییە خۆشەویستەکان بکەن.

دەزانم کەموکورتی زۆر بووە، بەڵام لەو ماوەیە هەوڵی زۆر جددی دراوە بۆ ئەوەی چاکسازی لە کەرتی پەروەردەدا بکرێت و شتی زۆر باش کراوە، دەزانم زۆر شتی هەڵە هەبووە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵانە راستبکرێنەوە، کاری جددی کراوە، بەڵام دیسانیش ئێمە لە دۆخێکی ئاساییدا نەبووین، زۆر کێشە و گرفت بۆ خەڵکی کوردستان دروستکراون، بەڵام زاڵبووین بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا.

ئەو ماندوبوونەوەی ئەم مامۆستایانە کە بەردەوامبوون لە خزمەتکردن و وانەوتنەوە بە قوتابییان و بە کەرتی پەروەردە، جێی شانازی و پێزانینی هەموو لایەکمانە، من سوپاسێکی بێ پایانم بۆ خۆڕاگری مامۆستایان هەیە، کە هەمیشە هەموو هەوڵێکیان داوە، قوتابییە خۆشەویستەکان پێبەگەینن و نە‌هێڵن کەرتی پەروەردە پەکی بکەوێت.

خۆمان دەزانین لەوانەیە زۆر فشار بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی ئێمە دووچاری شکست ببێت، یان بەرەو پێشەوە نەچێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە، ئەمەیە کە نەوەی داهاتووی ئێمە باشتر بێت، خوێندنی باشتر و پەروەردەی باشتر بتوانێت وڵاتێکی باشتر و خۆشترمان بۆ ئاوەدان بکات، بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک، ئێمە بکەوینە ژێر فشاری هیچ لایەنێک، کە خوانەخواستە نەهێڵین کەرتی پەروەردە یان خوێندن بەردەوام بێت، من زۆر سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم، کە دەزانم لەڕووی مادییەوە چەند تووشی گرفت بووبن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت لە حکومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە و ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت.

بەتەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین.

پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین.

دەمانەوێت سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بووژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە.

لێرەدا هەندێک کێشە و گرفت هەن، ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و ئەو رێککەوتننانە پێمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت رێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین، بۆئەوەی بەشێك لەو مافەی کە مامۆستایانیش دەگرێتەوە، بێتە دی و ئینشائەڵڵا بەبێ ئەوەی خەمی مووچە و بژێوی ژیانی خۆیان بێت، بەردەوام بن لە پەروەردەکردنی گەنج و قوتابییە خۆشەویستەکانمان.

من جارێکی تر سوپاسی هەمووتان دەکەم و هیوادارم سەرکەوتوو بن، تەندروست بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین