سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: نابێت مەسەلەی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى کێشەکانى هەولێر و بەغدا و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەکات و دەڵێت، هەموومان بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەى مووچەى فەرمانبەران لەسەر خەتین.

ڕۆژى چوارشەممە (13/ئەیلوول/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى نەمسا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە هەموومان هەوڵمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا. سەرۆکوەزیرانی خۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر خەتە و بەندە خۆشم بەهەمان شێوە."

 سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم گوتیشى، "هەرێمی کوردستان حەقی خۆیەتی و نابێت مەسەلەی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئیلتزاماتەکانی بەو پەڕی شەفافییەتەوە جێبەجێکردووە و چاوەڕوانیش دەکەین بەغداش بەوشێوەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات." 

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە، "مووچە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەبێت حکومەتی فیدراڵ بەزووترین کات چارەسەری بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەخەتین و بەو نزیکانەش سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن و هیودارین کێشەکان و کێشەکانی دیکەش لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن."

دەربارەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق ئاماژەى بەوەکرد، "هەرێمى کوردستان ئەرکەکانى خۆى بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، بەم نزیکانەش شاندێکى هەرێم بە سەرۆکایەتیى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەت و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و وەزیرى دارایى سەردانى بەغدا دەکەن بۆ تاوتوێکردنى کێشەکان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین