سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: جه‌خت لەپاراستنى مافه‌كانى مامۆستایان ئایینى و باشتركردنى گوزرانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌. کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى ساڵیادى دامەزراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستان دەڵێت، "مامۆستایان و زانایانى ئایینى، ڕۆڵێكى كارا له‌ بره‌ودان به‌ گیانى ته‌بایى و لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ " دەگێڕن.

ڕۆژى پێنجشەممە (21/ئەیلوول/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى (53)هەمین دامەزراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستخۆشى و پشتگیرییان لێده‌كه‌ین، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانیان و باشتركردنى گوزرانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌." 

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایى له‌ یه‌كێتیى زانایان ده‌كاله‌ یادى په‌نجا و سێ ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و مه‌كته‌بى ته‌نفیزى و ته‌واوى ئه‌ندامانى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستان ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

ڕۆڵ و خه‌بات و تێكۆشانى مامۆستایان و زانایانى ئایینى و یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌مكاریدا، هه‌روه‌ها ئاماده‌یى و كاریگه‌رییان له‌ ئێستاى ئازادى و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و هه‌وڵ و كۆششیان له‌پێناو پاراستنى مافه‌كانى زانایانى ئایینیدا، به‌رز و به‌ ڕێزه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین.

مامۆستایان و زانایانى ئایینى، ڕۆڵێكى كارا له‌ بره‌ودان به‌ گیانى ته‌بایى و لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى وتارى ڕق و تیرۆر و توندڕه‌وى و پاراستنى به‌ها جوانه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان ده‌گێڕن، ئه‌ركێكى پیرۆز له‌ گه‌یاندنى په‌یامى چاكه‌خوازى و میانڕه‌وى و نیشتمانپه‌روه‌رى جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستخۆشى و پشتگیرییان لێده‌كه‌ین، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانیان و باشتركردنى گوزرانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

خواى مه‌زن پارێزه‌ر و پشتیوانى هه‌موومان بێت و هیواى سه‌رفرازى بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوام.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/9/21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین