لە کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتى ژمارەى ئەندامانى سەرکردایەتى کەم دەکرێنەوە کوردستانی

نوچەنێت:

کۆنفرانسى مەکتەب و مەڵبەندەکانى یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتى بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتیش دەڵێت، ژمارەى ئەندامانى سەرکردایەتیى بۆ (50) ئەندام کەم دەکرێنەوە، ڕەنگە ئەم ژمارەیەش گۆڕانکارى بەسەردابێت.

ڕۆژى هەینى (22/ئەیلوول/2023) ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەبارەى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتى بە رووداوى ڕایگەیاند، ژمارەى ئەندامانى سەرکردایەتیى یەکێتى کەم دەکرێتەوە، دواتر لەناو ئەم ژمارەیە ئەندامانى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى هەڵبژێردرێن.

ئارێز عەبدوڵڵا، بێ ئاگایی خۆى نیشاندا لە هەبوونى لیستێکى تایبەت بە بافڵ تاڵەبانى بۆ سەرکردایەتیى یەکێتى و گوتیشى، من ئەم لیستەم نەبینیوە، تەنها لە ڕاگەیاندن گوێیمان لێ بووە.

ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى باسى لەوەشکرد، پێشنیارکراوە یەکێتى سێ ئەنجوومەنى هەبێت، ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى، ئەنجوومەنى ناوەندى یان گشتى، هەروەها ئەنجوومەنى باڵا، بەڵام هێشتا دەسەڵاتیان لەپەیڕەو دیارى نەکراوە.

ئارێز عەبدوڵڵا دەربارەى دیاریکردنى جێگرى سەرۆکى یەکێتى ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕیار نەدراوە سەرۆکى یەکێتى جێگرى هەبێت، بەڵام تاوەکو کۆنگرە هێشتا دیار نییە، ئەوەى باسى دەکەین تەنها ڕەشنووسە و نەبۆتە بڕیار.

بەپێى زانیارییەکان سبەى یەکێتى بۆ دیاریکردنى سەرۆکى کۆنگرە کۆدەبێتەوە، رەنگە عەدنان موفتى وەک سەرۆکى کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتى دیارى بکرێت، وا بڕیارە لەسلێمانى بەڕێوەبچێت بە بەشدارى (600) ئەندامى کۆنگرە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین