وەزارەتى شارەوانى روونکردنەوەى دووەم بڵاو دەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى شارەوانى وەڵامى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم دەداتەوە و لە روونکردنەوەیەکەدا دەڵێت، " ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن."

جێگەى وەبیرهێنانەوەیە، چەند ڕۆژەک لەمەوبەر قوباد تاڵەبانى ڕاگەیاند کە چەند هەزار زەوییەک بە فەرمانى ئەو بە کەسوکارى ئەنفالکراوان دەدات، لەبەرامبەر وەزارەتى شارەوانیش ئەم بڕیارەى بەبێ پرسى ئەوان لێکدایەوە و بە مەرامێکى حیزبێکى زانى.

دواى ئەوەى جێگرى سەرۆکى حکوومەت بە توندى وەڵامى ڕاگەیێندراوى یەکەمى وەزارەتى شارەوانى داییەوە، ئەمڕۆ وەزارەتى شارەوانى روونکردنەوەى دووەمى بڵاوکردەوە و دەڵێت، " بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی سەر بە هەر لایەنێک بن، هەمان مافیان هەیە و پێویستە بە بێ فەرق و جیاوازی."

 

دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

 

کەس ڕێگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی نەکردووە وەک ئەوەی بە پێی یاسا و ڕێکارەکان مافەکانیان پێناسە کراوە. بەڵام دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەنديدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن. لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری سکاڵامان لە لایەن کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی پێگەیشتووە کە ناویان لەو لیستانەدا نییە کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت مافی ئەمانە فەرامۆش بکات.

 بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی سەر بە هەر لایەنێک بن، هەمان مافیان هەیە و پێویستە بە بێ فەرق و جیاوازی، هەموو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن و خزمەت بکرێن ، بەجۆرێک دوای وردبینی کردن و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە و گرتنە بەری ڕێکارە یاساییەکان، زەویان پێ ببەخشرێت نەوەک ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەبێ ئاگاداری و هەبوونی فەرمانی فەرمی وەزارەتی شارەوانی، لە هەندێک شوێن بەڕێوە دەچێت.

 ئێمە خۆمان بە خەمخۆری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەزانین و داواش دەکەین سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان، بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەکاربێنین، بە تایبەتی لە سنووری گەرمیان. 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین