حکومەتی هەرێم: ئەرکی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانمان دابین بکات کوردستانی

نوچەنێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە، ئیدی ئەرکی حکومەتی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، (25/تشرینی یەکەم/2023)  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا كۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکە لەسەر چەند بڕگەیەک بووە، گرنگترینییان بڕگەی یەکەم بوو کە تایبەت بوو بە ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی 18-10-2023 لەنێوان لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و روونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرا.
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، ێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لەدوای وردبینی پشتڕاست کراونەتەوە، ئیدی ئەرکی حكومەتی عێراقی فیدراڵە، بەتایبەت وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەش كراوەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای ئەوە پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی "راستییەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە راست و دروستیی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە" و، هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵنەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین