لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان: بۆ ده‌ستوورى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

عه‌باس فاتیح جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى له‌باره‌ى "پرۆژه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان" باس له‌وه‌ ده‌كات هیچ هه‌نگاوێك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌نراوه‌ و چاوه‌ڕوانى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى نوێى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، چه‌ند جارێك پرسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان وروژێنراوه‌ و سه‌باره‌ت به‌وه‌ى په‌رله‌مان تا ئێستا له‌ رووى كرداره‌وه‌ چى كردووه‌؟ جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان به‌ "نوچه‌نێت"ى راگه‌یاند تا ئێستا هیچ نه‌كراوه‌ و به‌ڵكو ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێكبكه‌ون.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 10ى نیسان، عه‌باس فاتیح جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى گوت، "هەنگاوەکە پەیوەندی بە لایەنە سیاسیەکانەوە هەیە قسە لەسەر ئەوە کراوە، چونکە خۆی ئەمە بابەتێکی سیاسیە دەبێت لایەنە سیاسیەکانیش رای خۆیان هەبێت، با بزانین ئێمە وەکو لیژنەکان و پەرلەمان ئەوکات ئامادەی ئەوە ده‌بین هەوڵبدەین دەست بە کارەکان بکرێتەوە".

عه‌باس فاتیح دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ بابه‌تى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان بابه‌تێكى سیاسى و له‌ هه‌مان كاتیشدا نیشتمانییه‌ بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كه‌شێكى ئارام تاوتوێى ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین