مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین لەدرێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتان
نوچەنێت:
ئەمڕۆ سێشەممە، (31/تشرینی یەکەم/2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، رێورەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری (1325)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزان لەڕێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و لەمیانی وتارەکەیدا، ئاماژەی بە جینۆسایدکردنی ئافرەتانی ئێزدی و خەڵکی شنگال کردوو و ڕایگەیاند، "لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگیی و پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بھێنرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان."
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز:
ڕۆژتان باش
دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی ڕەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە کە تایبەتە بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی ژمارە 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت ، ئاشتی و ئاسایش .
ئەم بڕیارە، یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و مێژووییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، کە کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی لە سەر گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان بە گشتی ھەبووە، بە تایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی کە شەڕ و ناسەقامگیرییان تێدایە و ئافرەتانیش قوربانییەکی سەرەکی شەڕو جەنگن.
ئامانجی سەرەکی لە پشت دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لە کاتی شەڕ و جەنگدا و ھەروەھا برەودانە بە بەشداری ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و کاراکردنی ڕۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا.
سەرەڕای ھەموو ئەو ئاستەنگە داراییانەی بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئێمە ھەوڵمانداوە بەپێی توانا، بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەرخان بکەین و بەردەوامیش دەبین و ھەرچی پێویست بێت بۆ درێژەدان بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە دەیکەین.
کۆمەڵگەی کوردی و ھەرێمی کوردستان بە گشتی، ساڵانێکی زۆرە قوربانی شەڕ و ماڵوێرانین. خەڵکی کوردستان لە درێژایی سەدەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی شەڕ و ھێرش و پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری زۆر بووەتەوە و ئافرەتانی کوردستانیش، ھەمیشە قوربانییەکی سەرەکی ئەم شەڕ و پەلامارانە بوون.
لە ساڵانی ھەشتاکاندا، خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان، دووچاری دڕندانەترین شاڵاوی جینۆساید ھاتن و لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا، دەیان ھەزار خەڵکی بێتاوانی لە کوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفالکران و شەھید بوون، کە بەشێکی زۆریان ئافرەت بوون.
ھەروەھا لە کاتی ھێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری ، بە ھەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزیدیمان کۆمەڵکوژ کران و ھەزاران ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران. بە ھەمان شێوە کریستیان و کاکەیی و گشت پێکھاتەکانی گەلی کوردستان، لە ستەم و زۆرداری و کارە تیرۆریستییەکانی داعش بێ بەش نەبوون .
لە دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئازادکردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد، کە خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد کراون و ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی ماون.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگیی و پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بھێنرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.
سەرەڕای ئەو ھەموو کارەسات و کۆمەڵکوژیانەی لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ھەموو ئەوانەی لە دەست تیرۆر و شەڕو توندوتیژی لە ناوچەکانی تری عێراق پەنایان بۆ کوردستان ھێناوە و لێرەش بەوپەڕی خۆشەویستیەوە، میوانداری کراون کە ئەمڕۆش سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێکھاتە جیاوازەکانەوە ، بە ئاشتی و ئارامی لە ھەرێمی کوردستان دەژین. دووپاتیشی دەکەینەوە کە گوتاری ئێمە ھەمیشە گوتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت.
بەڕێزان:
ئافرەتانی کوردستان ھەمیشە ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە مێژووی گەلەکەماندا ھەبووە و لە ھەندێک قۆناخ و شوێندا، رۆڵی سەرکردایەتییان بینیوە و لە قۆناخە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیشدا، بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و راپەڕینەکاندا کردووە کە مایەی شانازیمانە.
لە دوای سەرھەڵدانی ئاداری 1991 و پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆڵ و بەشداری ئافرەتانی کوردستان، لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا، زیاتر پەرەی سەند و ئێستا بە شداری ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا، ڕۆڵێکی گرنگ و دیارە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کار دەکات بۆ زیاتر بەھێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و نەھێشتنی ھەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کاردەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
ئێمە لە ئاستی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن ، بەشێوەیەکی یەکسان لە دەوڵەتسازی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی کوردستاندا بەشدار بن. لەسەر ئاستی خۆجێییش کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانیان دەکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بەشداربن.
ھەروەھا لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ھەماھەنگی دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان (بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش) کە دەنگیان ببیسترێت و ھاوکات دەرفەتیشیان بۆ دەڕەخسێنین خۆشیان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ و لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەرپرسیارێتییەکی ھاوبەشە و پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی و یەکخستنی ھەوڵەکانی ھەموولایەکمانە.
دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەم و ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ھەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەبم بۆ ئەوەی بە پێی توانا و لێھاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان ھەبێت لە ھەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.
ھەر شاد و سەرفیراز بن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment