سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەگەڵ وەزیرى نەوتى عێراق کۆبوونەوە کوردستانی

نوجەنێت

مەسرور بارزانى، سەرۆک حکومەتى هەرێمى کورستان لەگەڵ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق و شاندى یاوەرى کۆبووە، لەو کۆبوونەوە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە لە زووترین کات هەناردەى نەوتى هەرێم دەست پێبکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12/تشرینى دووەمى/2023) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کران.

لە بەشێکى راگەیێندراوەکەى حکومەتى هەرێم هاتووە، مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

وەزیری نەوتی عێراق، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین