سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەخت لەدەستپێکردنەوەی ھەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوتی کوردستان دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق کرد و "بۆیە دەستپێکردنەوەی ھەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کورستانی، بە گرنگ و پێویست زانی."

ڕۆژی دووشەممە (13/تشرینی دووەم/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق و شاندێکی باڵای یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە دوو لە جێگرانی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئامادەی بوون، دوایین ھەنگاو و ڕێکارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە، تاوتوێ کران.

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە "پشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆ و ھەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دووبارە ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە وەستانی ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی بە داھاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێکردنەوەی ھەرچی زووتری ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کورستانی، بە گرنگ و پێویست زانی."

ھەروەھا ئەوەش ھاتووە، لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق، "جەختی لە خواستی جددیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و بەڕێز سەرۆک وەزیران ئەلسوودانی کردەوە بۆ چارەسەر‌کردنی کێشەکان و دەسپێکردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پو‌ختەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە، خستە ڕوو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین