ئەنجوومەنی وەزیران داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی پەلەبکات لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت کوردستانی
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی راستپێردران لە چوارچێوەی دەستووردا لە ھەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.

ڕۆژی چوارشەممە (15/تشرینی دووەم/2023)  بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکانی  نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی ھەرێم سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە، "کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و ھیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە."

بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران، "وێڕای پێشوازی و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنی دانووستانەکان لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کە ئەم پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندی ھەموو لایەنەکان دەکات و بەھۆی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە ھەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە ھەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین