مەسرور بارزانی: کوردستان چەند مافێکی ھەیە لەنێو دەستووردا کە پشتگوێ خراون کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانی دەڵێت، وەکو پێویست دەستوور جێبەجێ نەکراوە و رێزی لێ نەگیراوە سەریھەڵداوە. کوردستان چەند مافێکی ھەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون.

ڕۆژی سێشەممە (21/تشرینی دووەم/2023) مەسرور بارزانی، لە کۆڕبەندی مێپس لە دھۆک ڕایگەیاند، "ئەو کێشەیەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئەوەی پەیوەندیی بە نەوتەوە ھەیە، دەستوور بەو جۆرە جێبەجێ نەکراوە کە نووسراوە، کوردستان ھەندێ مافی زۆر بنچینەیی ھەیە لەنێو دەستووردا و ئەو مافانە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، بۆ نموونە مافی بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنی نەوت."

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت، "کوردستان چەند مافێکی ھەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەم مافانە، مافی دەرھێنان، بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەم چەند ساڵە کێشە و ململانێ لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبووە."

ھەر سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەولێر-بەغدا گوتیشی، " پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە زۆر روونە، ئایا ئێمە وڵاتێکی فیدراڵین یان بەغدا وڵاتێکی مەرکەزییە؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە. ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەشبکرێن و دەسەڵاتەکان بدرێنە ناوچەکان وەکو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە، بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا ھەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت ھەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام ھیچ کاتێک مافی خۆمان وەکو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرمان نەگرتووە."

لەبارەی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لە سەرۆک پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕاشیگەیاند، " پێموابێت کاتی (دوورخرانەوەی حەلبووسی) ھەڵەبوو. من باسی بڕیارەکە ناکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان ھەیە. ئێستا ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە و کێشەی دیکەمان ھەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین. ئەمە قەیران و کێشەیەکی نەخوازراو بوو و نەدەبوو رووبدات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین