خشتەی مووچەخۆرانی ھەرێم بە حکومەتی عێراق دەدرێت کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، "دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی ھەرێم پێشکەش بەھەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وھەرێم کرا."

ڕۆژی چوارشەممە (22/تشرینی دووەمی/2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی کرد.

حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە بڕگەی یەکەمدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتیی و ھێزی کاری کەرتی گشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاری ورد لە سەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستیی خستەڕوو، بەمەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕیی وبەڕێوەبردنی پێکھاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی ھەرێم.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا ھاتووە، لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی وەزیفەی گشتیی، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پرۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و ھەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتیی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاریی و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی ھاوبەشی وردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی ھەرێم پێشکەش بەھەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وھەرێم کرا کە ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

حکومەتی ھەرێم ھەروەھا دەشڵێت، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگیی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی و خانەنشینیی لە ھەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بودجەی گشتیی، لە ھەمانکاتدا، ئەنجومەن جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین