یەکێتى و گۆڕان ڕاگەیێندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

کۆبوونەوەى شاندى باڵاى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان کۆتایی هات، لەڕاگەیێندراوێکى هاوبەشدا دەڵێن، دەبێت هەوڵبدرێت، "کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت."

ڕۆژى شەممە (25/تشرینى دووەم/2023) شاندێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر لە گردى زەرگەتەى سلێمانى کۆبوونەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوى هاوبەشى یەکێتى و گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا، "پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت."

سەبارەت بە دۆخى ژیانى هاووڵاتییان و مووچەى مامۆستایان، ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، "هاوڕابون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى موچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین."

هاوكات لە ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، جەختیان کردەوە لەوەى "هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاوڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین