سێ دادوه‌رى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن کوردستانی

نوچەنێت:

سێ دادوه‌رى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، لەبەردەم سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوێندى یاساییان خوارد و ئەمڕۆ دەستبەکاردەبن.

ڕۆژى یەکشەممە (23/کانوونى یەکەمى/2023) له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌به‌رده‌م سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و پاش ئه‌وه‌ى فه‌رمانى هه‌رێمییان بۆ ده‌رچوو، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان دادوه‌ر جاسم جه‌زا جافر، دادوه‌ر‌ جاسم محه‌مه‌د مسته‌فا و دادوه‌ر تاهر عه‌لى حه‌سه‌ن بۆ ئه‌ندامیه‌تیى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، سوێندى یاسایییان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ ڕێوره‌سمه‌كه‌دا كه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و جێگرانى و سه‌رۆكى داواكارى گشتى ئاماده‌ بوون، دواى سوێندخواردن، له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ‌ دادوه‌رانى به‌ڕێز، جه‌ختى "له‌ پارێزگارى و پشتیوانیى ته‌واوى خۆى بۆ سه‌ربه‌خۆییى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ مایه‌ى جێبه‌جێبوونى دادوه‌رى، هه‌روه‌ها جێى دڵنیایى و متمانه‌ى هاووڵاتیان."

له‌ چوارچێوه‌ى بایه‌خدان به دامه‌زراوه‌ى دادوه‌ریدا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى شازده‌هه‌م له‌ ماده‌ى ده‌یه‌مى یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق، ژماره‌ یه‌كى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌به‌ر ڕۆشناییى داواكاریى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و سێ دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان واژۆ كردووه.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین