سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵیۆزى نه‌رویج له‌ ئوردن و عێراق كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى نه‌رویج له‌ ئوردن و عێراق کۆبووەوە و هاوڕان بوون کە "پێویسته‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق بپارێزرێت."

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (31/کانوونى دووەم/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئیسپن لیندباك، باڵیۆزى نه‌رویج له‌ ئوردن و عێراق كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى نه‌رویج له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، "گفتوگۆكانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان، دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى شه‌نگال"، تاوتوێ كران.

بە پێى ڕاگەیێندراوەکە، هه‌ردوولا جه‌ختیان "له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌ش به‌تایبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن سوود له‌ پسپۆڕى و ئه‌زموونه‌كانى نه‌رویج وه‌ربگرن، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ پێویسته‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق بپارێزرێت" هەروەها باڵیۆزی نه‌رویج دووپاتى كرده‌وه‌ "كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگیرییان ده‌ڕوانێت."

تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە "ده‌ر‌هاویشته‌ و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش‌" بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین