سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (حەوتی شوبات/2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کرا و جەخت لە گرنگیی "بەردەوامبوونی ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە" کرا.

بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی ھەرێم، "وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و ھاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی ھێرشەکەی ھەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە ھێرشەکە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت".

ھاوکات مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا "خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیی ھاوبەش دووپات کردەوە". گوتیشی، "ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی ھەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان".

بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین