مه‌سرور بارزانى: ده‌بێت هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ فه‌رمییه‌كانى عێراق له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان بكشێنه‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات و ده‌ڵێ، "هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت ، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە".

ئه‌مشه‌و 14ى نیسان هێرشێك كرایه‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هێرشه‌كه‌ به‌ درۆن ئه‌نجام دراوه‌ و به‌ڵام هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌.

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ ده‌كات و داوایش له‌و گرووپانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌  ئه‌منییه‌ فه‌رمییه‌كانى عێراق نین، ده‌ستبه‌جێ له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان بكشێنه‌وه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ له‌ رۆژانى داهاتوودا له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى گفتوگۆ له‌سه‌ر رێكاره‌كانى جێبه‌جێكردنى ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كات.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و  بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم . هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار وئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.  

هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت ، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە . لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم. 

ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبووسی قسەم کرد ، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە . خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو ، باجی کردەوەکانیان دەدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین