نێچیرڤان بارزانی: مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیان دا کارم کردووە کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە (71) ساڵەى دامەزراندنى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و دەڵێت، "مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە پێشەنگە کردووە."

ڕۆژى یەکشەممە (18/شوبات/2024) نێچیرڤان بارزانى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند، "بەڕێز و پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە ھەموو سەردەمەکاندا دەڕوانین کە ھەمیشە وەک قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتوو بووە."

دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پارتى بۆ یەکێتیی قوتابیانی کوردستان:

بە گەرمی پیرۆزبایی یادی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و لقەکان و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتییە پێشەنگەکەتان دەکەم، ھیوادارم ھەمیشە لە سەرکەوتن و‌ پێشکەوتنی بەردەوامدا بن.

مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە پێشەنگە کردووە، بەڕێز و پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە ھەموو سەردەمەکاندا دەڕوانین کە ھەمیشە وەک قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتوو بووە.

لەم یادەدا جەخت لە ڕۆڵی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکەینەوە بۆ برەودان بە کاری ڕێکخراوەیی و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و ئەوپەڕی بایەخ و گرنگیدان بە زانست و فێربوون و پەروەردەیەکی دروست کە ببێتە بناغەی داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگە و وڵاتێکی پێشکەوتوو، بۆ ئەمە ھیوا و بڕوامان بە قوتابیانی کوردستان و تواناکانیان ھەیە و ھەموو پشتگیریەکیان بۆ دووپات دەکەینەوە.

لەم یادەدا بەڕێزەوە ھەموو شەھیدانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و تەواوی شەھیدانی کوردستان ‌بەبیر دەھێنینەوە و سڵاو و دروود لە گیانی پاکیان.

نێچیرڤان بارزانی

(18-2-2024)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین