سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە (18/شوبات/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنفرانسى ئاساییشى میونشن له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سێلێست واڵنده‌ر یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ عێراق و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیان تاوتوێ كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندرواێکدا دەڵێت، هه‌ردوولا هاواڕ بوون كه‌  "ئارامى و سه‌قامگیریى ئه‌منى و سیاسیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ و له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌رى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات، ده‌بێ عێراق هه‌موو هه‌وڵێك بدات نه‌خزێته‌ ناو كێشه‌كانه‌وه‌ و قورسایى بخاته‌ سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش."

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ "كاردانه‌وه‌ و كاریگه‌ریى نه‌رێنیى به‌ئامانجگرتن و په‌لاماردانى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرا. له‌مباریه‌وه‌ جه‌خت له‌ پێویستیى ڕێگرتن له‌و‌ كرده‌وانه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دۆخى ئاساییش و سه‌قامگیریى ئه‌منى و سه‌روه‌ریى وڵات ده‌كه‌ن."

دەشڵێت، "هاریكاریى هاوبه‌شى ئه‌منیى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتیژیى نێوان هه‌ردوولادا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین