لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچه‌ نێت

لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە بەشێکى ئەو پەیامە داوا لە خەڵک دەکات خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادە بکەن.

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە (18/شوبات/2024) لاهور شێخ جەنگى پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى دەڵێت، "بەم پەیامە دەمەوێ داواتان لێبکەم کە گرنگە لە ئێستاوە بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەو گەنجانەی یەکەمجاریانە بەشداری دەکەن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و خۆیان تۆمار بکەن."

دەربارەى دۆخى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، “وەک هەمووتان ئاگادارن هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئیداری هەستیار و پڕ لە کێشە و قەیران دا تێپەڕ دەبێت، ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێبازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان لێمان دەخوازێت، کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا."

لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى هاتووە، “بەم پەیامە دەمەوێ داواتان لێبکەم کە گرنگە لە ئێستاوە بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە خۆتان ساز و ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەو گەنجانەی یەکەمجاریانە بەشداری دەکەن سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و خۆیان تۆمار بکەن، زۆر گرنگە بە بایەخەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕوانن، کە چەند جارێکە بە ئەنقەست و لە ترسی گۆڕانکاری دوادەخرێ، بەڵام لەوە دڵنیابن کە هەر دەبێ بکرێ، لە ئێستاشدا بەو بەدواداچوون و زانیارییانەی لای من هەن، تاکە ڕێگای گۆڕانکاری سندووقەکانی هەڵبژاردنن و کۆمەڵی نێودەوڵەتی مەبەستییەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حوکمڕانییەکی باش بڕوات."

هاوسەرۆکى پێشووى یەکێتى ئاماژە بەوەش دەکات، “دەنگدەرانی ئازیز، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە یەکەمجارتانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، تەنیا دوو رۆژ ماوە، کە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بکەن و ناوی خۆتان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە دەست نەدەن، ساڵانێکی زۆرە تەحەمولی حوکمڕانییەکی ناتەندروست دەکەن، هەموومان پێکەوە ئەرکمانە شان بدەینە بەر چاککردنی ئەم دۆخە و گێڕانەوەی هیوا و هێنانە کایەی سەردەمێک کە حوکمڕانی لەبری گرووپ و تاقمێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، راستییەکی تەواو حاشاهەڵنەگریشە کە خوای گەورە نە لەخراپەوە بۆ باش و نە لە باشەوە بۆ خراپ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی ناگۆڕێ ئەگەر خەڵک خۆی بەو ئەرکە هەڵنەستێت، بۆیە ئەرکی من و ئێوەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و گەنجان و ژنان و مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەکانە، کە هەوڵبدەین سەرەتایەکی نوێ بۆ خەڵک و خاکی ئەم هەرێمە دەستپێبکەین، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و دەبێ هەمووان بە ئەرکی ئینسانی و ئایینی و نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیانی بزانن.”

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین