سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچه‌ نێت

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى راپەڕینى خەڵکى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە بەشێکى پەیامەکەى هاتووە، "رێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، رەنجیان دا و ماندوو بوون."

ئەمڕۆ سێشەممە (پێنجى ئادارى/2024) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى دەڵێت، "راپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین رووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو."

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لە 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. رێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، رەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم رێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.

راپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین رووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، رەتکردنەوەی یەكجارەكی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.

ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە  و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بەبوونی كوردستانەوە.

با یادی راپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/5

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین