هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی هەنگاوێکی گرنگ بوو دیمانە و راپۆرت

دکتۆر بەشیر حەداد:

نوچەنێت

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێتدا، باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی دەکات و دەڵێت” هەنگاوێکی گەورەبوو کە نێچیرڤان بارزانی هەڵیگرت”.

نوچەنێت: هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی کارێکی مێژووییە چۆن هەموار کرا، گرفتەکانی بەردەمی چی بوون؟ جەنابت ئەندامی لیژنەکە بوون ئەو کات ؟

دکتۆر بەشیر: هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی وەکو ئاماژەت پێدا شتێکی مێژوويی بوو، لە ناوچەکە گرنگی کەمی پێدرابوو وەک وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکان، لە مەغریب گۆڕانکارییەکی کەم کرابوو هەروەها لە تونس، لە سووریا سەرکەوتوو نەبوو، لەعێراق نەکراوە و هەر ئەو یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩یە، هەندێک کون و کەلەبەری تێدا بوو کە پێویست بوو ئافرەت بەشێوەیەکی تر یان خێزان بەشێوەی چاکتر مافەکانی خۆی وەربگرێ و منداڵیش بە هەمان شێوە. 

کاتێک ئەو پڕۆژەیە باس کرا، بە زەحمەت قبوڵ دەکرا، لە کوردستان بە پێداگری رێکخراوەکانی ئافرەتان و پشتگیری هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی، کە ئەوان پێیانوایە ئایینی پیرۆزی ئیسلام شتی وای تێدایە کە لەگەڵ هەموو سەردەم و زەمەنێکدا بگونجێت، مەرج نییە ئەوەی کە دانراوە هەر ئەوە بێت، رەئی تریش هەیە و ئێمە دەبوایە سوود لەوانیش وەربگرین. 

یەکێتی زانایانیش ئەو کات رۆڵێکی خراپیان نەبوو، بەڵکو رۆڵیان موساعیدبوو، ئەوە بوو هەندێک لە رێکخراوەکانی ئافرەتان پڕۆژەیەکیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانکردبوو، کە بیکاتە پڕۆژەیاسا و بیداتە پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران نەیویست لەبەر هەستیاری پڕۆژەکە بيداتە پەرلەمان و لە پاشان سەرکەوتوو نەبێ.

جەنابتان دەزانن یەک لە سیفاتی یاسایەکی سەرکەوتوو، کە دەردەچێ ئەوەیە، کە لە پاش دەرچوونەکەی لە کۆمەڵگه‌ قبووڵبکرێ و جێبەجێ بکرێ، کەواتە كه‌ جێبەجێ نەکرا یاسا بۆ چییە؟ ئێستا بە دەیان یاسا هەیە، کە یاسای زۆر چاکن، بەڵام جێبەجێ ناکرێن. بۆیە ویستیان پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان دیراسەی تێدا بکرێ، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکیان پێکهێنا، لیژنەکەش بریتی بوو لە خوالێخۆشبوو، د. مستەفا زەڵمی، د. محەمەد شەریف، د. نوری تاڵەبانی و بەندە (د. بەشیر حەداد). ئێمە چاومان لەو پڕۆژەیەکرد کە ناردبوویان، بۆیە هەندێک گۆڕانکاریمان تێدا کرد، کە لەگەڵ شەریعەت و واقعی خۆماندا بگونجێ، مەرج نییە ئەمڕۆ ئەوەی داوا دەکەین بۆمان بکرێ و بۆمان بڕوا، جەنابتان دەزانن ئێمە کە ئەگەر سوود لە بیرو بۆچوونی خەڵکی دیکە و وڵاتانی دیکە وەرگرین، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و تەندروستە، بەڵام بۆ خۆی بهێنی و کۆپی بکەی ئەمە ناتەندروستە، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەوان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بۆیە دەکرێ سودی لێ وەربگرین و بەشێوازی واقعی خۆمان دایبڕێژینەوە.

یەک لەو شتیانەی لەبیرمە، کە بووە کێشە کە لەپڕۆژەکە داواکرابوو میراتی ژن و پیاو وەک یەک دابەش بکرێ، واتە بە یەکسانی دابەش بکرێ، ئەمە کێشەی دروست کرد لەبەر ئەوە ئەمە لە “سەوابتی ئیسلامە”، واتە ئەمە جێگیر و نەگۆڕە و ناکرێ و رایەکی دیکەی لەسەر نییە.

نوچەنێت: ئێوە دەڵێن، ئیسلام ئایه‌تێکە بۆ هەموو سەردەم و قۆناغەکان دەگونجێ، جاران ژن لە ماڵەوە بوو، بەڵام ئێستا ژن وەکو پیاو کاردەکات و بەشدارە لە پەیداکردنی بژێوی ژیان، کەواتە پێویست نییە بابەتی میرات بۆ ئەم سەردەمە تەفسیرو لێکدانەوەی جیاوازی بۆبکرێت؟

دکتۆر بەشیر: لە تەفسیرەکە ئێمە شتێکی وامانکرد، کە گۆڕانکاری لە تێگەیشتنەکە بێ، بەڵام دەقەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ناکرێ دەستکاری بکرێ. ژن و پیاو وەک یەک میرات وەردەگرن ئەوە دەقی قورئان هەیە لەوەی، ئەگەر دەقی قورئان نەبایە و رای زانایان بوایە دەکرا ئێمە رای دیکە بدەین، دەقی قورئان گۆڕانکاری بەسەردا نایە و تەواو، دەقەکەش لە قورئان دوو جۆر تێگەیشتنی هەیە، دەقێکی قەتعی-یە و دەقێکیان رەنی-یە، دەقە قەتعییەکە هیچ جۆرە تێگەیشتنێک قبووڵناکات ئیلا یەک تێگەیشتن، کە ئەویش هەر ئەوەیە کە هاتووە. بۆ نموونە کە باسی عەدەد دەکات، نیوە (نصف) دەکات، نیوە هیچ مانایەکی دیکەی نییە، بێجگە لە خۆی. هەندێک ئایەت هەیە ماناکەیان رەنی-یە، کە وشەکە دەکرێ دوو یان سێ مانا دەبەخشێ، کە ئەمڕۆ بۆ مانایەک بەکارهاتبێ دەکرێ سبەی بۆ مانایەکی دیکەی بەکاربهێنی. بۆ نموونە دەستنوێژ شکانی ژن و پیاو چەند مانا هەڵدەگرێ، بەڵام بابەتی میراتەکە تەتعی بوو- و ناکرێ دەستی لێبدەی، بۆیە نابێ ژن و پیاو وەک یەک بن، “ذکر مثل حصر انفین”، ئەمە قورئانە و دەمێنێ، بەڵام ئەمە بۆ وای لێهاتووە، لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگه‌یەکی ئیسلامی دا ئیلتیزامات و ئەرکی پیاو زیاترە، بۆ نموونە لە ژن هێنان و لە ماڵ دانان، منداڵ بە خێوکردن دایک و باوک بە خێوکردن، ئەمە شتێکی گشتییە، لەوانەیە تاک تاکەیەک ژن لە پیاو زیاتر ئەم شتانە بکات، بەگشتی لە کۆمەڵگەی ئێمە پیاوە مارەیی دەدات، زێڕ دەکڕێ، ماڵدادەنێ، پیاوە بەرپرسیاریێتییەکان هەڵدەگرێ.

ئەگەر باوک یان مامی نەبوو، نەخۆش بوو، کوڕ مولزەمە باوکی بەخێو بکات نەک کچ، ئەو ئیلتیزامات و ئەرکە لەسەر کوڕە بۆیە میراتی کوڕ زیاتر بووە، واتە ئەگەر بێن بە بابەتێکی حسابی لێکی بدەینەوە، کچ کە لەوڵاتی ئێمە شو دەکات مارەیی وەردەگرێ، ماڵی بۆ دادەنرێ، خانووی بۆ دەکڕێ، هیچ خەرجی و نەفەقەیەکی لەسەر نییە بە هی بابیشیەوە، کەواتە هیچ خەرج ناکات، ئەوەی وەردەگرێ بۆ خۆیەتی ئەو نیوە میراتەی وەری دەگرێ، بۆخۆیەتی و زیاد دەمێنێ، کوڕ کە وەریدەگرێ دەبێ دوو ئەوەندە وەر بگرێ تاکو خەرجییەکانی جێبەجێ بکات، ئەگەر لێکی بدەیەتەوە بەپێی واقع وایە، کوڕ ئیلتیزامی زیاترە بۆیە ئیمیازیشی زیاترە. 

بەڵام لێرە شتێکی دیکەمان کرد و گوتمان، هەندێک جار ئافرەت لەو نیوەیەش مەغدور دەبێت، هەیە بەشدار بووە لە پێکهێنانی ماڵەکەی بۆ دەبێ بە مافی پیاو حساب بکرێ، هەیە فەرمانبەرە و موچەی هەیە، یان پێش ئەوەی شو بکات بۆ خۆی زێڕی هەیە، ئافرەت هەیە خۆی تەواوی ماڵی داناوە، ئەو حاڵەتانەمان هەیە، بۆیە گوتمان کاتێک ئافرەت میراتی بەردەکەوێت لە مێردەکەی، ئەگەر منداڵی هەبێ چارەگی بەردەکەوێ، ئەگەر منداڵی نەبێ یەک لەسەر هەشتی بەر دەکەوێت. ئەمە بەس لە میراتی پیاوەکە، لەگەڵ ئەو مارەییەی، کە پیاوەکە قەرزارە، “موئەخرە”، کە ئێستا موئەخرە لە بیر دەکرێ، ئەوە وەردەگرێ جگە لە بەشە میراتی خۆی، ئەو بەشەش، کە ئەو ئافرەتە بەشداربووە لە پێکهێنانی ماڵەکە ئەویش هی خۆیەتی، کە ئەوانە داخیلی میرات نابێ. چی کڕیوە و هی خۆیەتی لەگەڵ خۆی دەیبات، ئینجا بەشه‌ میراتەکە وەردەگرێ. بەمە توانیمان نزیکی بکەیەنەوە لە پیاو، بەڵام نەمانتوانی دەست لەوە بدەین (میراتی ژن، نیوەی میراتی پیاوە).

بابەتێکی دیکە، مەسەلەی ویلایەت بوو، ئایا لەکاتی مارە بڕیندا باوک وەلییە، باوک دەتوانێ مارە ببڕێ دایک ناتوانێ ببێتە وەلی، بەڵام ئێمە گوتمان لە غیابی باوک دایکیش دەتوانێ ببێتە وەلی، چونکە نزیکترین کەسە لەو ئینسانە و بەرژەوەندی ئەوی دەوێ، یەکێک لە مەرجەکانی سەرپەرشتیار ئەوەیە کە بەرژەوەندی ئەو کەسەی بوێت کە لەژێردەستی خۆیەتی، لە وەلییەکە گوتمان جیاوازی هەیە لە نێوان پیاو- و ژندا. 

بەشێکی دیکە، کە میرات دەمێنێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسە پێش مردنی وەسیەتی کرد بێت بۆ یەکێک لە منداڵەکانی لە کوڕ و کچەکانی خۆی، بەشە میرات دەبات، کە پێی دەڵێن “واریس” (وارث) وەسیەتەکە جێبەجێ ناکرێ، فەرمودەیەک هەیە دەڵێ “لا وسیەتە لی وارد”، تۆ نابێ بەشە وەسیەت بدەیە میراتگر، لەبەر ئەوەی ئەو بەشە میرات دەبات، واتا کە بەشە میرات دەبات لەسەر ئەوەش وەسیەتیشی بۆ بکەیت، بەڵام دەقێکی دیکەمان بۆ دۆزییەوە، کە ئیللا بەموافقتی وەرەسە، ئەگەر براو خوشکانی دیکە موافق بوون، هیچ مانع نییە بەشێکی زیاد بدرێتە ئەو برایە، لەیاساکەدا هەیە. 

لە پێناسەی هاوسەرگیری، هاوسەرگیری رەزامەندی هەردوولای تێدا نەبوو، ئەوە عەقدێکە لە نێوان ژن و پیاوێک کە ژنەکە بۆی حەڵاڵ بێ، پیاوەکەش بۆی حەڵاڵ بێ و بە ڕەزامەندی هەر دوولا. مەبەست و ئامانج لەو عیلاقاتە، دانانی خێزانێکی بەختەوەر و ماف بەیەک دانه‌، ئەوەشمان زیادکرد کە بۆ ئەوەی ئامانج لە هاوسەرگیری دیار بێ نەک ببێتە گرێبەستێکی تیجاری وشک. 

نوچەنێت: وەکو جەنابت و بەڕەحمەت بێت دکتۆر مستەفا زەڵمی، و دکتۆر محەمەد شەریف کە پێشتر لەگەڵیان دانیشتووم، ئەوانیش باس دەکەن کە جەنابیشت باستان کرد، گوتیان ئێمە شتێکمان کرد کە گونجاوە لەگەڵ شەریعەت و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بەڵام بۆچی لەگەڵ ئەوەشدا حزبە ئیسلامییەکان دژی بوون؟ بۆ نموونە لە ڤیدیۆی ئەرشیڤی پەرلەمان ئەندامی پەرلەمانی حزبی ئیسلامی هەیە، دەڵێت با هەر نەخرێتە  دەنگدان لەبەر ئەوە پێچەوانەی ئیسلامە؟

دکتۆر بەشیر: هەندێک لە تێگەیشتنە فقهی ئیسلامیدا زاڵە بە سەر شتەکانی دیکەدا، ئێمە بەشێوازێکی فراوان چاو لە فقهی ئیسلامی دەکەین، ئایینی ئیسلامی دوایین ئایینە، کە هیچ ئایینێکی دیکە نەماوە پاش ئەو بێت.هیچ پەرتوکێکی ئاسمانی نەماوە بێ و هیچ پێغەمبەرێکی دیکە پاش محەمەد(ص) نەماوە بێت، کەواتە دەبێ ئەم قورئانە پەیامی پێ بێ ئەو ئەو رووداوانە، کە تارۆژی قیامەت روو دەدات، ئەگەر وانەبێ و بۆ قۆناغێک بایە و ئەنجیل و تەورات و ئەمانە، دەبوایە لەپاش قۆناغەکە تەواو دەبێ پێغەمبەرێکی دیکە یان چەند پێغەمبەرێکی دیکە بهاتبایە، کە بەشێکی دیکەی مەنهەجەکەی بهێنایە، کە کۆتا مەنهەجە کەواتە دەبێ وەڵامی پێ بێت بۆ هەموو کێشەکان، ئێمە بەو فراوانیە تەماشای ئیسلام دەکەین.

ئایەتێک لە قورئاندا هەیە کە دەتوانم بڵێم ئامانجی مەنهەجی ئیسلامی بە تەواوی بە دیار دەخات، کە خوای گەورە دەفەرموێ، “وما ارسلناکە الا رەحمەتە للعالمین”. خوای گەورە دەفەرموێتە پێغەمبەر، ئێمە تۆمان ناردووە، تەنها بۆ ئەوەی رەحمەت بیت، ئاسانکاری بی و بەرژەوەندی بی بۆ خەڵک، کەواتە دەتوانم بڵێم ئامانجی مەنهەجی ئیسلامی بەرژەوەندی مرۆڤەکانە. هەرشتێک بەرژەوەندی مرۆڤی تێدا بێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، نەک تاک یا گروپێک با لە ئایینیش دا نەهاتبێت، ئەمە ئایینە و لەو بازنە گەورەیە دا جێگەی دەبێتەوە..

نوچەنێت: کەواتە بڵێن بەشێک لە راڤەو تفسیرەکان، دەکەوێتە سەر تێگەیشتنی کەسەکان لە ئایین؟

دکتۆر بەشیر: بە دڵنیاییەوە و بێگومان وایە، ئێمە گوتمان دەقەکانی قورئان پیرۆزە، بەڵام تێگەیشتنی قورئان پیرۆز نییە، دەبێ ئاگامان لەوە بێ، تێگەیشتن زادەی بیری مرۆڤە بەڵام دەقەکە کەلامی خودایە. بۆیە تێگەیشتن مرۆڤ دەیکات و لەوانەیە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە جیاواز بێت، مرۆڤێکی هەزار ساڵ پێش ئێستا وەک ئیمام شافعی تەفسیری شتێکی کردووە و بەڵام ئێستا هەزاران شتی دیکە پەیدا بووە. تۆ بیرت دەگۆڕێت، بۆیە دەکرێ گۆڕانکاری بەسەر تێگەیشتندا بێت، بەڵام دەق گۆڕانکاری بەسەردا نایە وەک ئەو دەقانەی گوتم، قەتعین دەستی لێنادەین، زۆربەی ئایەتەکانی قورئان ماناکانیان رەنی-یە، واتا قابیلی ئەوە تەفسیری تێدا بکەی، قەتعیییەکانیش زۆر کەمە، بۆیە رووبەر و مەساحەیەکی زۆر فراوان ماوەتەوە بۆ ئیجتیهادی مرۆڤ، ئەویش لە هەر زەمانێدا دەتوانێت، بۆیە ئەمانەی کە دژ بوون، تەنها بۆچوونێک وەردەگرن، کە بە فراوانی تەماشای ئیسلام ناکەن، قەت و قەت پیویستیمان بەوە نییە دژایەتی ئیسلام بکەین، ئیسلام هەموو شتێکی تێدایە، تەنانەت زانایەک لە میسر وابزانم محەمەد رەشید رەزا بوو، شێخی ئەزهەریش بوو، لە ساڵانی چلەکان دیسان لەوێ مشتومڕێک لەوێ پەیدا بوو کە یاسای باری کەسێتی بگۆڕن، تەبعەن لە ساڵانی چلەکان دەیان گوت نابێ و چۆن دەبێ کوفرە و جێگەی نابێتەوە و دژی قورئانە، محەمەد رەشید رەزا، گوتی ئێوە چیتان دەوێ و داواکاریتان چییە بینووسن من بۆتان دەخەمە قاڵبی چوارچێوەیەکی ئایینی شەرعی. کەواتە ئیسلام ئەوەندە فراوانە، بەڵام چەقبەستووی لەسەر مەسەلەیەك، یەک رایی، کێشەکەی ئێمە ئەوەیە، بۆیە ئێمە وامان کرد کە ئەو تێگەیشتنە فراوانەمان لە ئیسلام وەرگرت، بەڵام بۆ ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە بشپرسی، ئایا دادوەرەکان لێی رازین لەو یاسایە؟ من دەڵێم نا. لەسەدا نەوەدی دادوەرەکان رازی نین، لەوانەیە هەندێکجار جێبەجێیشی نەکەن، ئەمە یان بە دیدو بۆچوونێکی پیاوانە وادەکەن، یانیش دەڵێن لەگەڵ واقعی خەڵک ناگونجێت و جارێ زووە بۆ ئەمە، دەکرا لە قۆناغی دیکە، سی چل ساڵی دیکە، یان وردەوەردە  بکرابایە و بۆ ئێستا ناکرێ، بۆ نموونە، بابڵێین لە مەسەلەی تەڵاقدا هاتووە: لەوەیان لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەڵێ “لە تەڵاق پیاو دەتوانێ ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات یان ژنی دووه‌م بهێنێ، ناکرێ ژنی دووه‌م بهێنێ ئیللا بەو مەرجانە، تەنانەت لەسەر ئەوە بووە مشتوومڕمان، “مەڵێ ناکرێ ژنی دووەم بهێنێ، بڵێ دەکرێ ژنی دووەم بهێنێ بەو مەرجانە، کە لەسەرەتاوە بڵێی ناکرێ واتا نەفیت کرد، چونکە لە قورئاندا رێگەدراوە و رێگە درانەکەش تەبعەن موقەییدە، ئەوێیش بە مەرجە، فرەژنی نە واجبە و نە سوننەتیشە، بەڵام عیلاجێکە دانراوە بۆ کاتی پێویست، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەوەندە فراوانە لە شوێنێک و کاتێک، کەسێک پێویستی بە وە دەبێ کە لە ژنێک زیاتری هەبێ، ئێوەش بۆخۆتان ئەو رایەتان هەبێ بۆ هەندێک کەسی تایبەت نەک وەکو شتێکی فراوان. 

ئەمە ئیباحەیەکە دانراوە و من زۆر جار دەیشوبهێنم و دەڵێم، لە هەموو ماڵێک سندوقی دەرمانی سەرەتایی هەیە کە بەدیواردا هەڵواسراوە، کە تۆ ئەوەت لەماڵەوە دانا ئایا واجبە هەموو رۆژێک لەو دەرمانە بخۆی؟ نا نایخۆم، چونکە ئەگەر ئێستا بیخۆم زیانی بۆ من هەیە، بەڵام کەی پێویستیم پێبوو بە قەدەر پێویست و بەپێی رەتەچەی دکتۆر دەیخۆم، کەواتە بۆ داتناوە؟ کاتێک پێویستم پێی بێ، قورئانیش ئاوایە، بۆ فرەژنی داناوە مادام واجب و فەرز نییە. مانای وایە قورئان تەنیا بۆ عەرەب و کورد و… نییە و بۆ هەموو مرۆڤایەتییە، جاری واهەیە پێویستیت پێ دەبێ، کە پێویستیشت پێ بوو ئەوە دەرمانەکە هەیە. 

هەروەها دەڵێ، پیاو ناتوانێ فرەژنی بکات ئیللا ئەگەر جێگا و توانای دارایی و توانای هەبێ و لە پاش ئەوەش ژنی یەکەم رازی بێ، ئەوە کێشە دروست دەکات لەگەڵت، لەوانەیە لە قەناعەتی نەفسی خۆم رام لەگەڵ ئەوە بێت، لەبەر ئەوە لە سەدا نەوەدی وەزعی ژنی یەکەم تێکدەچێ، تۆ ئەوەندە ئازادیت نەبێ، بە هەڵسوکەوتی تۆ وەزعی ئەو تێک بدەی، ئیلا ئەویش رەزامەندی هەبێ، تۆ لەماڵەوە جیرانێک هەندێک تەقەتەق بکەی لەحەوشەکەی خۆت دەچی ئیزنی لێوەردەگری، کە ئیزن هەیە ئەمڕۆ کرێکار ئیش دەکات. کەواتە تۆ کەسێ هاوبەشی ژیانتە و لەگەڵت دەژی، بچی ژیانی لێ تێکبدەی بەبێ ئیزنی ئەو. بە قەناعەتی من وایە، بەڵام واقعی ئەمڕۆ ئەمە قبوڵ ناکات بەڵگە ئەوەیە لە دادگاکان کابرا ویستوویەتی ژنی دووەم بهێنی ژنی یەکەم تەڵاق دەدات و ژنی دووەمی هێناوە، کەواتە ئەم خاڵە چی کرد، رێژەی تەڵاقی زیادکرد، ئەوە دیسان کێشەی دیکەی زیادکرد، بۆیە دادگاکانیش گلەییان لەو یاسایە هەیە و دەڵین جێبەجێ ناکرێ.

نوچەنێت: باسی ئەوە دەکرێ کە کاک نەچیرڤان بارزانی زۆر پێداگربووە لەسەر هەموارکردنی ئەم یاسایە؟ تەنانەت دەڵێن بۆ ئەو مەبەستە هەندێک زانای ئایینی وه‌ك جەنابتان کە جەنابتانيشتان لێرە بوون، هەندێ زانای تریشی بانگهێشت کردووە، جەنابی د. مستەفا زەڵمی بۆ ئەوەی هاوکار بێ و وەڵام دەر بێ بۆ ئەوانەی گلەییان هەیە کە گوایە لەگەڵ ئایین ناگونجێ، رۆڵی کاک نێچیرڤان چی بوو، ئەو بۆ پێداگر بوو؟

دکتۆر بەشێر: ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو کە ئەو کابرایە هەڵیگرت، بەڵام پڕۆژەکە هی ئەو نەبوو، سەرەتا هی کۆمەڵێک رێکخراوی ژنان بوو، بە دیاری کراوی وابزانم بەسەرۆکایەتی پەخشان زەنگەنە بوو، لیژنەی پەرلەمان، و مهاباد قەرەداغی و بەناز و نازناز، ئەمانە بوون، کۆمەڵێک لەو بەڕێزانە بوون، کە گەڵاڵەیان کردبوو، تەبعەن ئەوانە فمینیستن و فمینیستیش ساڵانێکە کار بۆ ئەوە دەکەن و لە خوایانە باردۆخێکی ئاوا بگۆڕێ و شتێک بۆ خۆیان جێبەجێ بکەن و بەرهەمێک هەبێ بۆ کارەکانیان، ئەوان کە ئەوەیان پێشکەش کرد، پێش ئەوەی بیدەنە کاک نێچێرڤانیش لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانیش قسەیان کردبوو، وەک یۆنامی و چەند رێکخراوێکی دیکە. لەلای رێکخراوی نێودەوڵەتی مەسەلەی ئافرەت و خێزان لە لای ئەوان گرنگە، رەنگە ئەوانیش پێیان باش بووبێ وەکو ناوێک بۆ کوردستان، کوردستانیش حکومەتێکی هەیە و شتێک دەکات، کە لە ناوچەکە نەکراوە، ناوێکە بۆ ئەوان. کاک نێچیرڤان (مانعی نەبوو) رێگرنەبوو، پێی خۆشبوو بکرێ بەڵام پڕۆژەکە هی ئەو نەبوو، لەبەر ئەوە پێی خۆشبوو شتێک لەویستی ژنەکان جێبەجێ بکات. 

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئەمڕۆ ئێمە پێویستیمان پێیانە لە مەسائیلی سیاسی و مرۆیی و ئەمانە،  دەبێتە قوەتێکیش بۆ ئێمە و سومعەیەکیشە، بۆ هەرێمی کوردستان لەدەرەوە لە ئەوروپا، بۆیە ئەویش نەیویست بەشێوەیەکی رەها بڵێ بڕۆن لە پەرلەمان بیکەن. 

نوچەنێت: کەواتە باوەڕو بە قەناعەتی ئەوە نەبوو، تەنیا حەرەکەیەکی  دیپلۆماسی بوو؟ 

دکتۆر بەشیر: ئەگەر قەناعەتی نەبوایە نەیدەکرد، قەناعەتی هەبوو، بەڵام پڕۆژەکە هی ئەو نەبوو، هی خەڵکانێکی دیکە بوو بۆیان کرد و ئێمەشی بانگ کرد گوتی، ئەمە ویستێکە و داوایان کردووە بۆیە ئێمەش پێمان خراپ نییە بکرێ و لەبەر ئەم بابەتانە سوودی ئێمەی تێدایە، پێمان خۆشە ئافرە مافی بدرێتێ، بەڵام دەمەوێ لە چوارچێوەیەی شەرع بێ، نامەوێ شتێک بکەین و سبەی بڵێ ئەها دژی شەرعە و لەسەرمان زۆر بکەوێت، هەم وڵاتە ئیسلامییەکان و عەرەبییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان شتێک تۆمار بکەن و بڵێن ئەمە ناکرێ، ئێمە نامانەوێ رەزامەندی هەندێ رێکخراو و ئافرەتان جێبەجێ بکەین بەڵام خەڵکی عالەمی ئیسلامی دڵی لێمان بشکێ، ئێمە میللەتێکی موسڵمانمان هەیە و کۆمەڵگەیەکی ئیسلامین، هەر شتێک زانیتان لەگەڵ شەرع ناگونجێ مەیکەن. 

نوچەنێت: کەواتە زانایانی ئایينی مخەوەل کرد؟

دکتۆر بەشیر: زانایانی ئایینی مخەوەل کرد، بەڵام زانایانی ئایینی کێ بێ؟ بەڕاستی دەبێ بزانی کەسێک کە لە جوغزێک کار دەکات بیهێنی، کە ئیلا دەبێ ئاوابێ. دکتۆر مستەفا زەڵمی و ئێمەش لە خزمەتیان بووین و توانیمان کرانەوەیەک دروست بکەین، لەوانەیە پاش دە پازدە ساڵی دیکەش کرانەوەیەکی زیاتریش بکرێ لەو بارەو روانگەوە، بەڵام بە یارمەتی ئێوە دەبێ، چۆن بە یارمەتی ئێوە دەبێ، من گوتوومە و لە پەرلەمانیش وتم یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کرانەوەی کۆمەڵگا ئەوەیە کە چالاکوانەکانی ژن خۆیان نەکەنە دوژمنی پیاو، کێشەکە ئەوەیە، ئەگەر عوقدە نەفسییەک دروست بوو ئەو کات شتێکی راستیش داوا بکەی ئەو دەڵێ نا، کە هەندێک جار دروست دەبوو کە پیاوی دەکردە دێوەزمەیەک، کە وانییە. ئەو رەدفیعلە وایکرد لە سلێمانی یەکێتی پیاوان دروست ببێ.

یاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت بوو، ئێمە ناوەکەمان گۆڕی کردمانە یاسای بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژی خێزانی، لەبەر ئەوە لە ناوخێزان ئافرەت و پیاو و منداڵیش توندوتیژی بەرانبەر دەکرێ، کە لەوانەیە رێژەکەی کەمتر بێ لە ئافرەت، تۆ ناکرێ بڵێی تەنیا ئافرەت، بەڕای من ئەمڕۆ یاسای بەرەنگاری توندوتیژی خێزانی و یاسای باری کەسێتی پێویستی بە هەموارێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ ئەمڕۆ بگونجێت. 

نوچەنێت:کەواتە هەمواری یاسای باری کەسێتی، چی لە کۆمەڵگە گۆڕی؟ 

دکتۆر بەشیر: بەڕای من ئامانجەکانی هەمووی نەپێکا، وەک گوتم لەدادگاکان وەک پێویست جێبەجێ ناکرێ و پیاویش بەچاوی گومانەوە سەیری یاساکە دەکات، زۆربەی مامۆستایانی ئایینیش بەهەمان شێوە، کەواتە ئێمە یەکەمجار زەمینەیەکی باشمان بۆ یاساکە دروست نەکرد ئیجا یاساکە دەربکەین، دەبوایە پێش دەرچوونی یاساکە هوشیاری یاساکە بڵاو بکرێتەوە. 

نوچەنێت: ئەو کات ئێوە وەکو لیژنە، بۆ پێشنیارتان نەکرد کە پێش دەرچوونی یاساکە هەڵمەتی هوشیاری پێویست بکەن؟  

دکتۆر بەشیر: ئەو ئافرەتانەی پڕۆژەکەیان پێشکەشکردبوو ئەوەندە بە پەلەبوون، تەنیا دوو مانگ لای ئێمە مایەوە، هەر هەموو رۆژێک دەیانگوت ئەرێ تەواو نەبوو، ئەرێ بۆخۆمان دەیکەین و …هتد. نازانم چی بوو وەعدیان دابوو یان چی. ئەو کات پێویست بوو زەمینەی بۆ دروست بکرێت و هوشیاری بڵاو بکرێتەوە. نەبزی لایەنی دەروونی خەڵکەکە لەبەرچاوبگیرێ ئینجا یاساکە دەربکرابايه‌، دەبوایە لەگەڵ دادگاکان دانیشتنمان بکردایە، بەڵام نەمانکرد، سوچی ئێمە بوو، جاریک کۆبوونەوەیەک لە پەرلەمان کرا کە شتێکی گشتی بوو، بۆ دانانی سیغەیەکی یاسایی دەبوایە دادوەرێکی تێدا بایە (ناو لیژنەکە) قەزیە قانون بوو و دادوەریش لەناو کارەکەیە و پەیوەندیدارە. ئێستا پێموایە یاساکە دەرچوو بەڵام کار بکرێ بۆ ئەوەی هوشیارییەکی باشی بۆ بڵاو بکرێتەوە لە ناو مامۆستایانی ئایینی و ئافرەتان، ئافرەت بابزانێ مافی چییە، زۆر جار خورانی مافی ئافرەت خودی ئافرەتەکە هۆکارە نازانێ مافی چییە تاکو بچێ داوای بکات، یان پێی دەڵێی مافەکەت ئەوەیە دەڵێ، عەیبە و ئاخر برام و بابمە و نایکات، داواناکەی فەرموو رازی بە، رازی بوونیش بەم حاڵە ئەمە دیسان کێشەیەکی دیکەیە. دەبێ جورئەت بدەیەنە ئافرەت کەداواکاری مافی خۆت عەیبە نییە، ناشەرعیش نییە، نە حەرامە، یانی تۆ بچی بۆ دادگا داوا بکەی باوکت بێ، برات بێ یان هەرکێ بێ، عەیبە و شورەیی تێدا نییە، ئەم جورئەتە لە لای ئافرەت دروست بکەین، ئەویش بەشێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو بێ و هەمواری یاساکە بکەینەوە هەندێک شتی یاسايی و هەندێک شەرعی تێدایە، کون و کەلەبەرەکانی چاک بکەینەوە.

نوچەنێت: کەواتە وەک جەنابت باستان کرد یاساکە ئامانجی تەواوی نە پێکاوە، یەعنی لە ئێستاشدا دەتوانرێ ئەو هەڵمەتە هۆشیار کردنەوەیە بکرێ؟

دکتۆر بەشیر: دەکرێ بەڵام ئەو کات بکرابایە باشتر دەبوو.

نوچەنێت: یاساکە جیاوازی لەگەڵ یاسای دەوروبەر، یاسای وڵاتان چییە؟

دکتۆر بەشیر: جیاوازی زۆری هەیە  و کرانەوەیەکی پێوە دیارە، یاسای دەوروبەر ئەو کرانەوەیان نەکردووە. لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگەی خۆیان و لە پەرچەکرداری خەڵکەکە ترساون، کە بەشێوەیەک ئایینی زانایان لەگەڵیان هاوکار نەبن، بەڵام ئێمە ئەو تەوقەمان شاند و کردمان.

نوچەنێت: کەواتە کاریگەری کەسانی دەسەڵاتدار و زانایانی، تێگەیشتن و تێگەیشتووتر لەئیسلامدا کاریگەری هەیە لە هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دیکە. خەڵکی کراوەمان هەیە؟

دکتۆر بەشیر: دەتوانم بڵێم بەڵێ. ئەو چەند ساڵەی پاش ١٩٩١، کرانەوەیەک هەیە، کە تەنانەت لە رووی ئایینیشەوە. ئێمە ژمارەیەک مامۆستایان لەگەڵ وەزارەت ئەوقاف دەمێکە خەریکن بۆ ئەو مامۆستایانه‌ی کە دیراساتی ئەکادیمی تەواو کردووە سەفەرێکمان بۆ رێکخستن بۆ ئەوروپا، کۆریا و ئەمریکا، بەڕاستی ئەمانە ئاسۆی فکری مامۆستای گۆڕی و کردییەوە، مامۆستایان پێویستان بە کرانەوە هەیە و لەگەڵ ئەوقاف دەمێکە خەریکین بۆ ئەو مەسەلەیە، کۆنفرانسێک بەسترا لە ٢٠١٦، بەرەو گوتاری ئایینی هاوچەرخ، یەکێک لە راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە، پەیمانگایەکی شیاندن هەموو ئەو مامۆستایانەی کە ئێستا هەن بەشداری خول بن، ئەم پەیمانگایە کراوەتەوەو پێش ئەوە بچمە بەغدا من راگری بووم، خولی ٤٥ رۆژە دەکاتەوە هەر جارێک ٥٠ مامۆستا بەشدار دەبن، تێیدا ئەوانەی کە خەتیبن، لەبارەی کرانەوە، شێوازی وتاردان و هەندێک مەفاهیم دەستەواژی تازە.

نوچەنێت: دکتۆر پێموایە لە ٢٠١١ ـەوە ئەو یاسای توندوتیژی خێزانی لە پەرلەمانی عێراق و هێشتا تێیان نەپەڕاندووە؟ لەبەرچی؟

دکتۆر بەشیر: نەخێر تێنەپەڕێوەو تێیش ناپەڕێ.

نوچەنێت: ئایا هەبوونی جەنابتان یان کەسانی وەک ئێوە کاریگەری دەبێت لەسەر تێپەڕاندنی؟

دکتۆر بەشیر: باوەڕ ناکەم، ئێستا فکرێکی توندی مەزهەبی بەسەر عێراق دا زاڵە بۆیە پێموانییە بە من و خەڵکانی دیکە بکرێت، ئیللا ئەگەر ئەو فکرە توندە زاڵە بەسەر حکومەتەوە نەمێنێ.

بۆ زانینی جەنابتان فکری شیعە لە فکری سوننە زۆر توندترە، لە فکری سوننە ئیجتیهادات دەکرێ، بەڵام لە هی شیعە زۆر زەحمەتە و نیانە و قەپاتە.

کاری چالاکوانی ئافرەت لەوێ زۆر زەحمەتە لەوەی لای خۆمان 

بەیانی کۆنفرانسێکی ئافرەتان بکە و سەد مامۆستای ئایینی بانگ بکە بە شانوباڵی ئافرەتدا هەڵدەدەن، بەڵام لەوێ وانییە، داخراوترن.

ئەگەر یاسای توندوتیژی دژی خیزان لە بەغدا، سەریش نەگرێ ئێمە کردوومانە و جێبەجێکردنەکەش دەکەوێتەسەر عەقڵیەتی جێبەجێکار. عەقڵیەتی دادگاکان، دادوەرەکان، مامۆستاکان. ئەو هوشیارییەی کە باسم کرد.

منیش هاوڕای ئێوەم. خێزان پێکهاتەیەکی گرنگە و یەکەی سەرەکییە لەکۆمەڵگه‌، کە خێزان دروست بوو کۆمەڵگه‌ دروستە، ئەگەر خێزان هەبوو، هەموو بەهایەکی جوان لە ناو کۆمەڵگه‌ دا هەیە، ئەوەی خێزان جوان دەکات، کە کۆڵەکەی سەرەکیین ژن و پیاوە، ئەگەر ژن و پیاو، رێک و چاک بن کۆمەڵگەش رێک و چاک دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین