د.یادگار: ئایا یاسا هەموارکراوەکەی باری کەسی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە؟
بەهرە حەمەڕەش
نوچەنێت: کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان چی دەبێت لەسەر جێ بەجێکردنی یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی لە عێڕاق؟
د.یادگار: یاسای نێودەوڵەتی زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ یاسای باری کەسێتیدا دەکات. نەک تەنیا لە عێڕاق بەڵکو لە کۆی هەموو جیهان، چونکە باری کەسێتی و یاساکان بەشێکی زۆری پەیوەندییان بە ئایین، کولتوور، سیستەمی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتانەوە هەیە، هەروەها کۆمەڵگە چۆن بەڕێوە دەچێت لەم ڕووەوە یاسای گشتی نێودەوڵەتی هەمیشە دەیەوێت ئەم بابەتە ڕێکبخات.
بۆ نموونە، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ زۆر بە ڕوونی باسی یەکسانی دەوڵەتان دەکات هەروەها باسی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان دەکات و یەکێکە لە خاڵەکان، هەروەها لە بەر ڕۆشنایی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان، مافی یەکسانی هاوڵاتیانە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. کە بێینە سەر جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی ساڵی (١٩٤٨) لە ماددەی (١٦) زۆر بە ڕوونی باس لە وەدەکات کاتێک، کە ژن و پیاوێک هاوسەرگیری دەکەن دەبێت یەک مەرجی گەورەی تێدابێت، ئەوەیە کە ڕەزامەندییەکی تەواو لەلایەن هەردوولاوە هەبێت، ئەگەر ئەم ڕەزامەندییە نەبێت هاوسەرگیری نابێت بکرێت چونکە دەچێتە چوارچێوەی (زۆرە ملێ)وە. ، کە سیفەتێکی عورفی نێودەوڵەتی بارزی هەیە، وڵاتان خۆیان ڕێزی لێدەگرن و ، هەرچەندە خەسڵەتی پابەندی نییە بەڵام کاری لەسەردەکەن. واتە کار لەسەر بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە دەکەن.
لە ساڵی (١٩٥٤) بەدواوە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ویستی بابەتی کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری کوڕوکچ دەستنیشان بکرێت و هەوڵ بدرێت هەموو وڵاتان بەیەکەوە بەم ئاراستەیەدا کۆدەنگییان هەبێت. بۆیە داوایان لە لیژنەی یاسایی نێودەوڵەتی کرد، کە ئیشی لەسەربکەن بۆئەوەی بتوانن لە کۆتاییدا پەیماننامەیەکی لەسەربنووسن. ئەوەبوو لە ساڵی (١٩٦٣) دا پەیماننامەیەکیان نووسی و لە ساڵی (١٩٦٤)دا واژووی لەسەرکرا بە ناونیشانی، (ڕێککەوتننامەی ڕەزامەندی هاوسەرگیری، کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری و تۆمارکردنی هاوسەرگیری ساڵی ١٩٦٤) لەبەر ڕۆشنایی پەیماننامەی نێودەوڵەتی ساڵی (١٩٤٨) کە لە دیباجەی ئەم پەیماننامەیە نووسراوەتەوە، ماددەی (١) باس لەوەدەکات کە هیچ کەسێک نابێت هاوسەرگیری بکات ئەگەر بە ڕەزامەندی هەردوولانەبێت، ماددەی (٢) دەڵێت، پێویستە لەسەر دەوڵەتانی ناو ئەم پەیماننامەیە کە کەمترین تەمەن بۆ کەسەکان دیاریبکەن، کە بتوانن هاوسەرگیری بکەن. بەشێوازێک کە لە خوار ئەو تەمەنەوە هاوسەرگیری قەدەغە بێت، ئەوە کورتەی بابەتەکەیە لەسەر یاسای گشتی نێودەوڵەتی بەڵام بەداخەوە عێڕاق، تێیدا ئەندام نییەو زۆر وڵاتی تریش هەن کە تێیدا نەبوونە ئەندام، ئەوەی کە جێگەی سەرنجە عێڕاق لە ساڵی (١٩٥٩)دا کاتێک کە یاسای باری کەسێتی دەرکرد ماددەی (٧)ی ئەو یاسایەی ئەو کاتە کە تا ئێستا جێ بەجێدەکرێت دەڵێت، کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کوڕوکچ هەژدە ساڵە، نابێت لە هەژدە ساڵ کەمتربێت. بەڵام لە ماددەی (٨) جیاوازییەکی تێدایەو دەڵێت ( ئەگەر دادوەر پێیوابوو دەگونجێت یان زەرورەتێک هەیە یان دۆخەکە وای خواست، هەموو ڕێکارەکانی تر ئاسایی بوو ئەوا دەکرێت کچەکە لە تەمەنی (١٥ ساڵێدا) شوبکات و لەو تەمەنە کەمتر نەبێت).
ئەو تەمەنی کە لە عێڕاق دەستنیشانکراوە هاوتەریبە بەو پەیماننامەیەی، کە لە (١٩٦٣) دا داڕێژراو واژووکرا. بە بۆچوونی من بۆیە عێڕاق، نەبووەتە ئەندام تێیدا لەبەر ئەوەی عێڕاق هەر خۆی لە پێش پەیماننامەکە بەهەمان سیستەمدا ڕۆیشتووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئیستا راپۆرتێکی ساڵی (٢٠١٥)م لەبەردەستە ئێستا دە ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، ڕەنگە لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێکی تر دەربچێت، بەڵام بە پێێ ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠١٥لە کۆی (١٩٨) وڵات، ١٧٧ وڵاتیان کە ئەندامن و ئەو وڵاتانەی کە ئەندام نین لەم پەیماننامەی سەرەوە باسکران هاوسەرگیری منداڵ ڕێگەپێدراوە. لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانە ئەمریکاشی تێدایە.
لە وڵاتی فلیپین تەنها باڵق بوون کراوە بە مەرجی هاوسەرگیری بە ئامادەبوونی بەخێوکار.
لە وڵاتانی سعودیە، غینیا، باشوری سودان، یەمەن، سۆمال وڵاتی گامبیا، باسی باڵق بوون بۆ هاوسەرگیری خوار هەژدەساڵ دەکات، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە ئەلبانیا و بوڵغاریا، منداڵ دەتوانێ هاوسەرگیری بکات. لە سودان تەمەنی ١٠ ساڵی دیاریکراوە بۆ کچ کە بتوانێت هاوسەرگیری بکات.
کیشەکە ئەوەیە کاتێک کە منداڵ هاوسەرگیری دەکات، دەبێ تەمەنی بۆ دیاری بکرێت نابێت بۆ باڵق بوون جێ بهێڵدرێت، چونکە هەندێک کچ هەیە لە یانزەساڵی و هەیە زووتر یان درەنگتر باڵق دەبێت، ئەگەر ئێمە تەنها باڵق بوون دەستنیشان بکەن ڕەنگە یانزە ساڵێک شوبکات یەکێکیش لە پانزەدا لە یانزە تا پانزەی تەمەن بۆ منداڵ زۆرە، چونکە دۆخی فسیۆلۆژی ئەم منداڵە دەگۆڕدرێت و زیاتر وای لێدەکات کە باشتر ئامادەیی بۆ ئەو هاوسەرگیرییە هەبێت.
ئەوەی کە لە عێڕاقدا دەگوزەرێت، ئەو یاسایە کە هەموارکراوەتەوە هاتوون بە سێ ماددە ئەم یاسایەیان هەموارکردووەتەوە، یەکەمیان، ماددەی (١٠) بڕگەی (٥) یان ماددە کۆنەکە باس لەوەدەکات هەرکەسێک هاوسەرگیری بکات لە دەرەوەی دادگا ئەوە سزا دەدرێت و دەخرێتە بواری تاوانەوە. بۆیە دەبێت لە دادگا بێت.
ئەم یاسا نوێیە ئەم ماددەیەی هەموارکردووەتەوەو (کە پێشتر حووکمی جینائیی هەڵگرتبوو)، دەڵێت، پێویستە لەسەر دادگا هەر پرۆسەیەکی هاوسەرگیری کە ڕوویدابێت، بەو مەرجەی ڕەزامەندی بەخێوکاری لەگەڵدابێت بۆ ئافرەت یان بە فەرمانی هۆکارێکی یاسایی و دادوەری یان لە یەکێک لە هەردوو دیوانەکە دیوانی وەقفی سوننی یان دیوانی وەقفی شیعی، پشت بەوان بەستێبێت و هاوسەرگیرییەکەیان کردبێت، هەرسێ مەرج ڕوودەدەن کە لە دەرەوەی دادگابێت ئەوا پێویستە لەسەر دادگا هاوسەرگیرییەکەیان تۆماربکات.
ئەم بابەتە زۆر جێگەی سەرنجە، چونکە بە پێی یاسا هەموارکراوەکە دەبێت لە ماوەی چوارمانگدا هەموو فیقهی سوننی و جەعفەری تایبەت بە یاسای خێزانی، کۆبکرێتەوەو بنێردرێتە پەرلەمان، لەوێش پەسەندبکرێت و بکرێت بە یاسا. بەم پێیە بێت، لەمەودوا هەر کەسێک دەتوانێ کچەکەی بدات بە شوو بەپێی فیقهی جەعفەری بەدەر لە یاساکە، فیقهی جەعفەریش بۆچوونی جیاوازی تێدایە لەسەر تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچ، ٩،١١،١٣ساڵی تێدایە. ئەگەر ئەم یاسایە جێ جێبەجێبکرێت، باوک دەتوانێ کچەکەی لە تەمەنی نۆ ساڵی یان یانزەو دوانزە بە شو بدات.
ئەم تەمەنە لە سەدەی ٢١ بۆ هاوسەرگیری کچ زۆر کەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، لەبەرئەوەی منداڵ لەم تەمەنەدا ناتوانێت چاکەوخراپەی خۆی دەستنیشان بکات، و بۆ هەر بڕیارێک لە ژیانیدا پێویستی بە بڕیاری بەخێوکارەکەیەتی. کەواتە ناتوانێ ڕەزامەندی تەواو لەسەر هاوسەرگیری بدات. ئەگەر وابێت دەکرێت بڵێین هەمواری ئەم یاسایە جۆرێک لە سەرپێچی لە عورفی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی پاراستنی مافی منداڵ (ساڵی ١٩٨٩)ی تێدایە، کە عێڕاق تێێدا ئەندامە. کێشەکە لەوەدایە منداڵ بەپێی فسیۆلۆژی و زانستیش ناتوانێت لەم تەمەندا هاوسەرگیری بکات، چونکە کێشەی خێزانی و تەندروستیشی درووست دەبێت.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم یاسایە باس لەوەدەکات ئەگەر دووکەس بیانەوێ هاوسەرگیری بکەن هەر فیقهو و مەزهەبێک دەتوانن هەڵبژێرن ئایا کاتێک جیابوونەوە ڕووبدات ژن و پیاوەکە بە گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان، دەستنیشانی مەزهەبێکیان نەکردبێت ئەوا ئەم یاسا هەموارکراوە دەڵێت، مەزهەبی پیاوەکە حساب دەکرێت کەواتە لێرەدا مافی ئافرەتەکە پێشێل دەکرێت، باشە بۆچی مەزهەبی ئافرەتەکە حساب نەکرێت؟ بۆچی مەزهەبی پیاوەکە زاڵ بکرێت؟ ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێڕاق و یەکسانی پیاو و ژنە.
پەیماننامەی مافەکانی منداڵ لە ساڵی (١٩٨٩) کە عێڕاق تێیدا ئەندامە. کۆمەڵێک وابەستەیی لەسەر وڵاتانی ئەندام داناوە بە پێی ماددەکان کە هەموویان باس لە دەستنیشانکردنی مافی منداڵان دەکات لە لایەن ئەو وڵاتانەوە، ماددەی سێ باس لەوەدەکات ئەگەر هەر یاسایەک سەبارەت بە منداڵ دەربچێت ئەوا پێویست دەکات باشترین بڕیار و دۆخ بۆ منداڵەکە لەبەرچاوبگرێت.
پرسیارەکە لەوەدایە ئەگەر منداڵێک هاوسەرگیری بکات، ئایا باشترین بەرژەوەندی منداڵەکە لەبەرچاوگیراوە؟ ماددەیەکی تر باسی پەروەردە دەکات، دەڵێت ئەو منداڵانەی کە لەو وڵاتانەن کە ئەندامن لەو پەیماننامەیەدا، دەبێت خوێندنیان بە خۆڕایی بێت و مافی ئەوەیان هەیە کە بخوێنن. کتێک کە ئەم منداڵە دەساڵ یان پانزە ساڵە، ئایا هاوسەرەکەی ڕێی پێدەدات کە بخوێنێت؟ دواتر لە ماددەکانی تریشدا بە هەمان شێوە مافی منداڵ دیاری کراوە. لە ماددەی ٢٧ و١٩ی ئەم پەیماننامەیەدا دەڵێت: پێویستە منداڵ بە ژیانێکی کارامەیی بێت کە دەبێت ژیانێک بێت کەرامەتی منداڵەکە پاریزراوبێت و ستاندەردێکی ژیانی هەبێت، ئایا کە ئەم منداڵە بەشودەدرێت و دەچێتە لای پیاوێک، ئایا ئەو ستانداردە هەیە گەرەنتی چییە؟
بە پێی ڕای یاسا ناسان و کەسانی یاسایی بە ئەزمون وە کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا، ئەگەر ئەم یاسایە بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە داڕمانێکی تەواو لە یاسای باری کەسێتی عێڕاقیدا، ئافرەت ناپارێزێت و مافی منداڵ پێشێل دەکات.
بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ماددەی یەکەمی یاسا هەموارکراوەکە دەڵێت، ئەگەر مدونەی شیعی و سوننی ئامادەکرا ئەوا لە هەموو حاڵەتەکاندا نابێت پێچەوانەی ماددەی هەشتی ئەم یاسایە بێت، لە ماددەی (٨)ی ئەم یاسایەدا کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری پانزە ساڵە ئەگەر بەو تێکستە بێت بەو ماوەیەی کە چوار مانگی دیاری کردووە، کۆکراوەی مەزهەبی جەعفەری یان دیوانی وەقفی شیعی یان سوننی ئەگەر ڕێکبکەون بۆ تەمەنی هاوسەرگیری و کەمترین تەمەنیان بە پانزەساڵ دیاری کردبێت، کێشەیەکی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ پەیماننامەی مافەکانی منداڵی ساڵی (١٩٨٩). ئەمە جۆرێک لە پاراستنی منداڵی تێدایە. بەڵام ئەگەر ئەم ماددەیە ڕوون نەبێت و لە مدونەکەدا تەمەنەکە دیاری نەکات و مەجال بۆ فیقه بهێڵێتەوە، پێچەوانەی ماددەی هەشت بێت کە بابەتێکی یاساییە، ئەو کاتە بڕگەکانی ئەم یاسایە پێچەوانەی پەیماننامەکە دەبێت.
هەروەها پەیماننامەی سیداومان هەیە، لە ساڵی ١٩٧٩، کە لە ماددەی ١٦ و ١٧ باس لەوەدەکات، لە کاتی چوونە پرۆسەی هاوسەرگیریدا ئافرەتان هەمان مافی پیاوانیان هەیە. ئەگەر ئافرەت تووشی کێشەیەک بووەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی بەرەو تەڵاق ڕۆیشتن بەر لە تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەیان، ئەوا مەزهەبی پیاوەکە جێ بەجێدەکرێت بەڵام پەیماننامەی سیداو، دژی ئەوەیە و مافی ژن و پیاو هاوتایە لە هاوسەرگیری و پرۆسەی هاوسەرگیری و ئەو کەسەی دەیەوێ دەستنیشانی بکات هەروەها لە پرۆسەی جیابوونەوە.
هەروەها ڕێککەوتننامەی پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی ساڵی (١٩٦٦) لە ماددەی (٢٣) بڕگەی (٣ و ٢) بڕگەی دوو و چوار بە ڕوونی باس لەوەدەکات، کە مافی پیاووژن بۆ هاوسەرگیری و تەمەن دەبێ هەمان مافیان هەبێت، لە ماددەی (٢٣) بڕگەی (٢) نابێت هیچ هاوسەرگیرییەک ڕووبدات ئەگەر رەزامەندی تەواوی هەردوولای تێدانەبێت.
وڵاتانی ئەفریقی بەو ئاراستەیە دەڕۆن، کە تەمەنی هاوسەرگیری کەن بە ١٨ ساڵ وەکو پەیماننامەی پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندی منداڵ لە ساڵی ١٩٩٠ زۆر بە ڕوونی باس لەوەدەکات کە دەبێت منداڵ لە تەمەنی خوار ٢١ ساڵییەوە هاوسەرگیری نەکات. هەروەها ئەوروپای لاتیبی و ئەمریکاش، هەموویان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری هەژدەساڵ بێت. ئەگەر لە عێڕاق یاسا هەموارکراوە بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوەو کاتێک مدونە دەنووسرێتەوە ڕەچاوی ماددەی هەشت نەکرێت، ئەوا عێڕاق بازێکی گەورەدەدات بۆ دواوە. بۆیە لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٤ پێش ئەوەی یاساکە بە تەواوی دەربچێت پسپۆڕانی نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی کۆماری عێڕاقەوەکرد کە ئەم بابەت نیگەرانی کردوون و دەترسێن عێڕاق بەرەو دواوە بچێت، کە پێشتر لە یاسای باری کەسێتیدا پێشەنگ بووە.
نوچەنێت: کوردستان چی بکات بۆئەوەی بەرکەوتەی لەگەڵ ئەم یاسایە نەبێت؟
د.یادگار: هەر یاسایەک کە لە بەغدا دەردەچێت جێبەجێ ناکرێت تا پەرلەمانی کوردستان نەیخاتە بواری جێ بەجێکردنەوە، دەبێت هەرچۆنێک بێت هەرێم نەهێڵێت ئەم یاسا هەموارکراوە بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە واتە بە یاسا کۆنەکەی خۆمان، کە هیچ کێشەی نەبوو هەر بەوە جێبەجێبکرێت. .
نوچەنێت: کاریگەرییە یاساییەکانی ئەم یاسا هەموارکراوە لەسەر کۆمەڵگە چی دەبێت ئەگەر بچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە؟
د.یادگار: کاریگەرییە یاساییەکان زۆردەبێت، لەبەرئەوە بابەتەکە هاوسەرگیری، تەڵاق، زوو بەشودانی منداڵانی تێدایە. بۆ نموونە، کاتێک باوکێک کۆچی دواییدەکات ئەگەر تاقە کچێک هەبوو شوی نەکردبوو، ئەوا بە پێی یاسا موچەکەی خانەنشینی دەدرێت بە ئەو، بەلام لە دوای ئەوەی یاسا هەموارەکە دەچێتە بورای جێ بەجێکردنەوە، وە ئەگەر کچەکە هاوسەرگیری بکات لەهەرتەمەنێکدا بێت، بۆ نمونە لە تەمەنی ١٠ ساڵید، ئەوا خانەنشینیەکەی دەبردرێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم کچە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا جیابووەوە> ئەوا چی لێ بەسەردێت؟ ئایا وا بەئاسانی خانەنشینیەکەی باوکی بۆ دەگەڕێتەوە؟ ، مەترسییەکی تر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە بەهۆی هاوسەرگیری پێشوەختەوە چونکە تەمەنی کچەکە کەم دەبێت و ئەگەری توشبوونی بە نەخۆشییەکان زۆردەبێت، هەروەها ئیستیغلالکردنی جنسی تێدەکەوێت، کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر بڵاودەبێتەوە. کەواتە لە هەر روویەکەوە باسی بکەین ئەم یاسا هەموارکراوە زیانی دەبێت ئەگەر ڕێگە بدرێت بە مناڵێکی خوار تەمەن ١٥ هاوسەرگیری بکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment