پەنجاو یەک ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی کچە کوردێکی ئازادیخواز تێپەڕدەبێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

پەنجا و یەک ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی کچە کوردێکی ئازادیخواز و هاوڕێکانی تێپەڕدەبێت، تا ئێستا خەباتی ژن کورد بەشێوازی جۆراوجۆر هەم دژ بە داگیرکاری نەتەوەیی و هەم جیاکاری ڕەگەزی بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە (12/ ئایار/2025) پەنجاویەک ساڵ بە شەهیدکردنی کچە گەنجێکی کورد و هاوڕێکانی بەهۆکاری ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی ڕژێمی بەعس تێپەڕدەبێت. یەکەم کچە شەهیدە لە مێژووی کورددا.

لەیلا قاسم کچەکوردیکی گەنجی خەڵکی خانەقین بووە. لە ساڵی 1952لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین، لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە، وەک یەکەم کچی شەھیدی خەباتی کورد بە بوکی کوردستان ناوی دەھێنرێت. لە ساڵی 1958لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو کردووە، لە ساڵی 1971دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد وەرگیراوە.

ئەم کچە کوردە زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد  پەیداکردووەو درکی بە زوڵم و چەوساندنەوەی نەتەوەکەی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ لە رێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەکەیەوە کردووە و پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە. واتە لە ساڵی 1970بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لەیلا لە قۆناغێکدا دەستی بە خەبات کردووە، کە باوەڕبوون بە تواناکانی ئافرەت زۆر لاوازبووە،  بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە شانبەشانی براکەی و خوێندکارە کوڕەکانی کورد دژ بە جەوساندنەوەی نەتەوەکەی و نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان خەباتی دەکرد.

لە سەرەتای ساڵەکانی 1970 کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و ھاورێکانی سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان

لە ئازاری 1974دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشەکانی حکومەتی بەعسی عیراق بۆسەر ناوچەکانی کوردستان، لەو کاتەدا لەیلا قاسم و ھەندێک لە ھاورێکانی پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە، بۆیە روویان لە فراوانکردنی خەباتەکەیان کرد.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی 1974، دەزگا ھەواڵگیرییەکانی ڕێژێمی بەعس بەردەوام زۆر بەتوندی چاودێری یەک ‌بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە رۆژی28ی چواری 1974لەیلا قاسم و چوار لە ھاورێکانی لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژێم لە بەغداد دەستگیرکران

دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادپەروەرانە دژ بە لەیلا قاسم و ھاورێکانی  بەڕێوەچوو و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. تەنھا دوای دوو ھەفتە لە رۆژی 12 ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاورێکەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف بەخاک سپێردرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین