سەرۆک بارزانی: ئێوە کاربکەن و ئێمە پشتیوانتانین
نوچەنێت: ئافرەتان
ئەمڕۆ یەکشەممە (13/نیسان/2025) بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی و حکوومی، یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە ھەولێر لە ژێر دروشمی ( بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین) بە بەشداری 700ئەندامی ئافرەت کە لەنێو ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کار دەکەن، لە کۆنفڕانسە بەشدار دەبن، تێیدا دیکۆمێنتاری (پارتی و ئافرەت، خەرمانێک لە باوەڕ و متمانە) پێشکەش دەکرێت، ھاوکات پانێڵی تایبەت بە ڕەوشی ئافرەتان لە کوردستان ساز دەکرێن. بەڕێوەچوو.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد، کە تێێدا ستایشی ڕۆڵی ئافرەتانی کردو گوتی''رۆڵی ئافرەتی کورد، ھیچ کات لە رۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر ھەندێکجار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێکی زۆر زۆر بەرچاویان ھەبوو". هەروەها گوتی " دروشمەکەشتان (بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین) جوانە، منیش پێتان دەڵێم بە تواناکانتان داھاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین بە ھەموو توانامانەوە".
هاوکات سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی ژنی لە دایکایەتیدا بەرزنرخاند و گوتی'' ئێستا ئەرکێکی زۆر گەورە لەسەر شانی ئێوەیە کە پەروەردەکردنی نەوەی نوێیە. بەداخەوە ناحەزانی گەلی کوردستان زۆر ھەوڵیان دا گەنجەکانمان بە لاڕێدا ببەن، بە لای منەوە ئەوە زۆر مەترسیدارتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک، فڕۆکە و تەنانەت شەڕی کیمیایی و ئەنفالیش".
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، دەبێت ھەموو دەرگەیەک بۆ ژنان بکرێتەوە ''بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆیان ببینن. دڵنیام دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن و جارێکی دیکەش جەخت لەوە دەکەمەوە ئێوە دروشمەکەی خۆتان جێبەجێ بکەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە ھەموو توانامانەوە".
دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان
خوشکان و کچانی بەڕێز
ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە لە یەکەم کۆنفرانس بەم شێوەیە، ئومێدەوارم کە ئەنجامەکانیشی لە ئاستی ئەو تەوەقوعاتە بێت کە ھەموومان پێشبینیمان کردووە و ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ لەمەودواش، من پێموایە ئەمە چالاکییەکی زۆر زۆر لە جێی خۆیەتی و ئینشائەڵڵا سەرکەوتوو دەبێت.
مومکینە ببێتە دووبارە کردنەوە، بەڵام پێویستە مرۆڤ بیڵێت، من جارێکی تریش دەیڵێمەوە کە رۆڵی ئافرەتی کورد قەت لە رۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر ھەندێکجار زیاتریش نەبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێکی زۆر زۆر بەرچاویان ھەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان، دایک بوو، مامۆستا بوو، جووتیار بوو، ھەروەک گوێم لە وتارەکەی خۆم بوو کە نازانم لە چ موناسەبەتێک بووە، بەڵام حەقیقەت وایە. ئینجا دەبوایە پێش ئەوەی دوونیا رووناک ببێتەوە منداڵەکانیان ببەن بۆ بن بەردێک، بۆ بن ئەشکەوتێک لە ترسی ئەوەی فڕۆکە بۆمبارانی گوندەکەیان نەکات و چەندین جاریش وابووە کە دایکێک بە منداڵیەوە شەھید بوون. نانی پێشمەرگە، دیسان لەسەر ئافرەتی کورد بوو. ئەو پێشمەرگەیەی کە لە جەبھە بوو، دڵنیا بوو کە دایکی یان خێزانی، یان خوشکی چاوی لە منداڵەکانیەتی و نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە، بۆیە ھەرچی باسی ئافرەتی کورد بکرێت، کەمە. لە شۆڕشی گوڵانیش ھەمان شت، نموونەشمان زۆرن، وەکوو دایکە ئامینە، دایکە حەلیمە، دایکە عائیشە. لە شەڕی داعشیش کچەکانمان ئەوەندە ئازابوون کە جێی شانازی بوون بۆ ئێمە، لە چەندین جار خۆیان تووشی شەڕ بوون، یان کە داعش ھجوومی ھێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئەوان لێی بوون، شەڕێکی زۆر قارەمانانەیان کرد.
من زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان، لە زانکۆ، پەیمانگا، لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا رۆڵێکی بەرچاویان ھەیە. پێویستە لە ھەموو بوارەکان، ئافرەتی کورد رۆڵی خۆی ببینێت.
ئێوە درووشمتان جوانە (بە تواناکانمان داھاتوو بنیات دەنێین)، منیش پێتان دەڵێم بە تواناکانتان داھاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین.
بۆ یەکەمجار لە عێراق، کە ئافرەتێک لەسێدارە بدرێت، ئەویش کچێکی کورد بوو کە بوو بە سیمبوولی تێکۆشان و بەرخودان و خۆنەچەماندن، ئەویش لەیلا قاسم. چوونە لای و پێیان گوت نامەیەک بنووسە بۆ ئەحمەد حەسەن بەکر، داوای عەفو بکە، تۆ کچی و ئافرەتی، عەفوت دەکەین، گوتی ئێوە لەوە کەمترن من نامەی عەفو بۆ ئێوە بنووسم، من داوای عەفو لە میللەتی خۆم دەکەم.
نموونە زۆر زۆرن، نموونەی ئافرەتی کورد، بەڕاستی ھەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەش پەروەردەی دەستی ئەو شێرە ژنانە بوون، ئێستاش ئەرکێکی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەکردنی ئەم نەوەیەی نوێ، بەداخەوە ناحەزانی گەلی کوردستان زۆر ھەوڵیان دا کە گەنجەکانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، بەھای نامێنێ، سەرگەردان دەبێ. ئەو شەڕەی کە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان کرد، بە لای منەوە زۆر زۆر خەتەرتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک و فڕۆکە و تەنانەت کیمیاوی و ئەنفال. کاتێک گەنجێک پەروەردە کرا و گەورە بوو، ھیچ وەلای بۆ خاکی خۆی نەبوو، بۆ کوێ دەڕوا؟ مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو، سەرگەردانە، بێقیمەتە، کەس قەدریشی نازانێت. خاکیش ئەگەر میللەتی لەسەر نەبێت، ھیچ مانایەکی نامێنێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراون. من داواتان لێ دەکەم لە ھەموو بوارێکدا رۆڵی خۆتان ببینن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت ھیممەتێکی زۆر گەورە بکەن، بچنە ناو کۆمەڵگە، دایکان تێبگەیەنن کە ئەمە خەتەرێکی گەورەیە رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە و بەداخەوە تا ئاستێکی زۆریش کاریگەریی خۆیشی کردبوو، ئێستا باشترە. ئێمە خۆشحاڵین کە بینیمان لەم ماوەیەی دواییدا ھۆشیارییەکی نەتەوەیی لەسەر رێگەیەکی راست دەبیندرێ، لە ئەورووپا، لەناو کوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵا ئەمە بەردەوام بێ و بەرەو زیاتریش بڕوات.
بە نسبەت ئەھمیەتی ئافرەت و مافی ئافرەت، بۆ ئێمە شتێکی زۆر زۆر پیرۆزە، چونکە پێش 120 ساڵ، شێخی شەھید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و لە دوای ئەویش جەنابی شێخ ئەحمەد، بەردەوام بوون لەوەی کە مافی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت، ئیحترامی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت. ئەمە یەکێک بوو لەو ھۆکارانەی کە بارزان و تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێش ڕۆیشت، چونکە بەھیچ شێوەیەک ئەو ھەندێک دابونەریتی کە جاران ھەبوو، بەداخەوە ئێستاش لە ھەندێک شوێن ماوە، بەزۆر بەشوودانی کچ، ئەمە شتێکی ئەوپەڕی تاوانە بەڕای من، دەبێ ئارەزوومەندانە بێت کچ و کوڕ. مەجال بە ئافرەت درا رۆڵی خۆی ببینێت، ئافرەت ھەستی بە ھەبوونی خۆی کرد. بۆیە ئێمە سەربەرزین کە دەبینین ئەو بناغەیە ١٢٠ساڵ پێش ئێستا لە بارزان، ئەو مەسەلەی رێزگرتن لە ئافرەت و رۆڵی ئافرەت و ئەھمیەتی ئافرەت ھەر لەو وەختەوە لەوێ ئەو بناغەیەی بۆ دانرابوو، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە.
سبەینێ ڕۆژی ئەنفالە، سەدەھا و دەتوانم بڵێم ھەزارەھا دایک لەگەڵ منداڵی زیندەبەچاڵ کران. ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی ھەموو ئەو شەھیدانە و بە تایبەتی ئەو دایکانەی بە منداڵەوە زیندەبەچاڵ کران و ئەو چەند گۆڕە بەکۆمەڵەی کە دۆزرانەوە، چەندین جار بینیمان کە دایک لەگەڵ منداڵەکەی پێکەوە شەھید کراون. موھیم ئەوەیە کە دەبێت خەبات بەردەوام بێت، نابێت خۆمان بچەمێنین، دەبێ ھەموو دەرگایەک و ھەموو مەجالێک بۆ ئافرەت بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی ببینێت، من دڵنیام کە دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن.
من جارێکی تریش تەئکید دەکەمەوە، ئێوە شیعارەکەی خۆتان جێبەجێ بکەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە ھەموو توانایەک.
من نامەوێ زیاتر وەختی ئێوە بگرم، تەمەننای سەرکەوتن دەکەم بۆ کۆنفرانسەکەتان و سەرکەوتوو بن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment