د.کوردستان: دەبێ ژنان خۆیان گروپ دروست بکەن و کار بۆ ئازادی بکەن چاوەڕێی پشتگیری کەس نەبن
بەهرە حەمەڕەش
نوچەنێت: بۆچی ژنان بێدەنگن، چالاکی و گەرموگوڕی جاران لە کارکردن نەماوە؟
د. کوردستان: بێدەنگی ژنان هۆکارەکەی ئەوە نییە، کە دۆخیان لە جاران باشتر بووبێت، بە پێچەوانەوە لەوانەیە خراپتر بێت، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندییەوە کەس خۆی لێ ناکاتە خاوەن. خاڵێکی تر ئەوەیە، ئەو کەسەی کە دەچێتە ناو ڕێکخراوێکی ژنان، دەبێ فێمینست بێ، بەڵام بە داخەوە زۆربەیان هەر نازانن مێ پەروەری چییە، دژایەتی یەکتر دەکەن، لە ئەزموونەوە ئەم قسەیە دەکەم، زۆریان وەکو پیاو بیر دەکەنەوە. بە بیرکردنەوەی پیاوانەوە ڕەفتار دەکەن. ئەمە زۆربەی ژنانی گرتووەتەوە، بۆ نموونە ژنە پارێزەرەکانیش بەمجۆرەن، زۆر باوەڕیان بەو یاسایەنەیە کە هەیە لە بەرژەوەندی پیاوان، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەمە دەبێ ژنان ئەو هێزە بەرەنگارییەیان تێدابێت، کە بە چەوساندنەوە ڕازی نەبن، ئەویش بە خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیر کردن دەبێت، دەبێ ڕێکخراوەکان ڕۆڵی ڕێبەرایەتی لەم بوارەدا ببینن. هەروەها دەبێ ژنانی ڕۆشنبیر ئەو ڕۆڵە ببینن؛ ئێستا چەند تۆڕێکی ژنان هەن زۆر باشن، بۆیە پشتگیریشیان دەکەم؛ من نابمە ئەندامیان چونکە ناتوانم هیچ بکەم، بەڵام دەنگم لەگەڵ دەنگیانە.
نوچەنێت: ڕێکخراوەکان دەڵێن هۆکاری بێ دەنگیمان ئەوەیە، کەس پشتگیریمان ناکات؟
د.کوردستان: با خۆیان پشتگیری خۆیان بکەن، کە من لە "شاوشکا" بووم هەرخۆم پشتگری خۆمم دەکرد، نابێ چاوەڕێی سپۆنسەر بکەین، ئەو گرووپەی باسم کرد سپۆنسەریشیان نییە، بەڵام خۆیان هەن، ئەگەر شوێنیان نییە، دەتوانن هەرجارەی لە ماڵێک کۆببنەوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن؛ دەبێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بژین و بڕۆن، دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن تا بەهێزبن.
نوچەنێت: بۆ هەندێک ژن هەیە بڕوانامەی بەرزی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی کۆمەڵگە رازی بکات زۆر پیاوانە قسە دەکات؟
د.کوردستان: ئەوە ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازە بڕوانامەکەشی کۆمەڵ سوودی لێنابینێ، تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی، دەبێ ئەوەی دەزانیی و فێری بووی، بیدەیتەوە، ئەوانە هیچ نادەن و خزمەتیش ناکەن و چاویان ترساوە؛ دەبێ ترس و زوڵم، هێزت بداتێ نەک ڕادەستت بکات.
نوچەنێت: لە پەرلەمانی عیراق یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە، کرا بە یاسای جەعفەری پێتوایە کاریگەرییەکەی چی دەبێت؟
د.کوردستان: کاریگەری یەکجار خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، مافی ئافرەت و منداڵی تێدا پێشیل دەکرێت. گەورەترین دەستەکەوت لەم یاسایەدا بۆ پیاوە، لام سەیرە چۆن ژنانی نێو پەرلەمان بەوە ڕازی بوون و دەنگیان پێدا.
باوکێک بمرێت میرات بۆ کچ نەبێت، ئەوەیان لە کوێ داهێناوە، شیعەکانیش لەسەر ئەو بابەتانە پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەیە و دەبێ ژنەکانیان ئەوە قبوڵ نەکەن. کە لە بەغدا بووم دەمبینی کاتێک خێزانێک خانوویان دەکرد، یەکسەر ژنەکە بە ناوی خۆی دەکرد، چونکە لەگەڵ ئەو حوکمەدا نەبوون، چونکە شیعەکان لە ناو خێزانەکانیش پەیڕەوی دەکەن، ئەو ژنانە وەکو پیاو بیردەکەنەوە بەرژەوەندی کاتی خۆیان لەوەدا بینیوە.
نوچەنێت: کاریگەری هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
د.کوردستان: ئێمە لەگەڵ عیراق لە ژێر یەک چەترین، کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر کوردستان دەبێت، چونکە ئەو یاسایەی کە ئێمە هەموارمان کردەوە بۆ ئەوەی فرەژنی مەرجدار بکرێت، چەند مەرجێکمان دانا؛ بەڵام پیاوی زۆر هەن دەچن لە مەخموور گرێبەستی هاوسەرگیری دەکەن، ئەمەش وای لێدێت بۆی هەیە بڕۆن کەسێکی سەر بەو مەزهەبە بخوازن، ئەمەش لە ماوەی درێژخایەندا کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕۆشنبیری دروست دەکات، دەبێ ئێمەی کورد خۆمان لە کێشە مەزهەبییەکانی سوننە و شیعە بەدوور بگرین.
نوچەنێت: ئیستا لە سوریا ئیسلامییەکان حووکم دەکەن، ئەوە چەند کاریگەری لەسەر ناوچەکە و ژنان دەبێت لە سوریا؟
د.کوردستان: ئەمانە داعشن هێنراون، ئەمریکا و ئەوروپا دەیانەوێ خۆیان ببنە خاوەنی ئەو ڕێکخراوانەی کە ئیسلامین و خاوەندارییان بکەن و بەکاریان بهێنن، لەم ڕوانگەیەوە مەترسییەکی گەورە هەیە، کە بپەڕێتەوە بۆ عیراق و کوردستانیش، لە کوردستان ئامادەیی و ئیرادەیە هەیە بۆ ئەمجۆرە لە حووکم. هەروەها لە کوردستانیش ئیسلامیی سیاسی ئامادەیی کردووە، زوو زوو دەبینین ڕیکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستان منداڵی تەمەن حەوت ساڵ دەهێنن، لەچکی دەکەنە سەر و دەڵین تاجی زێڕینمان کردە سەری، بەمجۆرە پەروەردەیان دەکەن بوارێکی باشیان بۆ خۆیان دروستکردووە و خەڵک هەیە لەگەڵیان بکەوێت، بەڵام ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە کۆمەڵی تۆ پێش نەکەوێ وەکو مرۆڤ و وەکو ژن مافت دەخورێ، هەتا پیاویش مافی ئازادی ڕادەربڕینی نابێت. دەبێ بزانین ئەوە زیانی بۆ هەموومان دەبێت.
نوچەنێت: ژنی کورد جیا لەوەی وەکو نەتەوە وەکو ژنیش دەچەوسێنرێتەوە، بۆ نموونە پێش هەموو شوێنیک لە ناوچەکە ژنی کورد کرا بە کۆیلەی سێکسی، کاریگەری ئەوە لەسەر کەسایەتی ژنی ئەم پارچەیە چییە؟
د. کوردستان: ئەوە ڕاستە بەڵام نابێت خۆمان رادەستی ئەو بیرکردنەوەیە بکەین، لە ژنی محەجەبەم پرسیوە ئەو جبەیە بۆ لەبەردەکەی؟ دەڵێت لەبەر پیاو، دەبێ لە خۆمان بپرسین ئایا ئێمەی ژنان پیاومان چۆن پەروەردەکردووە، کە ژن ئەو هەموو ترسەیان بەرامبەری هەبێت؟ ئایا پیاو دڕندەیە؟ ئایا ئێمەی ژن وا پەروەردەمان کردووە یان هێزێکی دیکە هەیە ئەم دەسەڵاتەی داوە بەوان، من هەمیشە باوەڕم بە پیاو هەبووە، پیاوم لە ڕێگەی باوکمەوە ناسیوە لە ڕێگەی برا و هاوسەری خۆمەوە ناسیومە، زۆربەی هاوڕێکانیشم پیاون، لێشیان نەترساوم، نە وا سەیرم کردوون کە شتێکی خراپ بەرامبەر بە من بکەن، پەروەردەیەک هەیە کە بەژن دەڵێن بە خۆداپۆشین خۆت لە پیاو بپارێزی؛ ئەوە ڕاست نییە مرۆڤ دەبێت بە عەقڵ خۆی بپارێزێت. خودا عەقڵی داوە بە ئێمە تا لە یەکتر تێبگەین نەچین هەر یەک کتێب بخوێنینەوە دەبێ ڕای جیاواز بخوێنینەوە. تاوەکو پرسیارت لە لا دروست بێت و بە دوای وەڵامدا بەگڕێی، خوێندنەوەی یەک کتێب کێشەت بۆ دروست دەکات، هەموو ئایدۆلۆژیاکانی بەرامبەر بە خراپ دەزانێت، ئافرەتی هەڵکەوتوومان هەیە کە ئەمانە کاریگەری لەسەری نییە ڕەنگە ماوەیەک بیوەستێنن، بەڵام بەردەوام دەبێت. دەبێ دژی ئەو تەوژمە بوەستێتەوە کە دەڵێن کۆمەڵگە بە قسەیە یان خراپە کۆمەڵگە ئێمەین، بۆچی ژنان بە خراپ سەیری یەکتر بکەین، دەبێ هێزی تێپەڕاندنی ئەوانەمان هەبێت. کاتێک داعش ئێزدییەکانی دەچەوساندەوە هەبوو دەیگوت خۆ ئەوانە ئیسلام نین با وایان لێبکەن، گوتم ئەی مرۆڤ نین؟ ئەی کورد نین؟ بۆچی کە بیرو ڕای جیاواز بێت پێمان باشە لەناو بچێت، بەداخەوە دەبێ ئیش لەسەر ئەمانە بکرێت توێژی ڕۆشنبیری ئافرەت ئەم کارەبکات تا دەتوانێ، ڕاستە لەوانەیە باج بدات بەڵام دەبێ بەردەوام بن، دەبێ ڕێکخراوەکانیش ئیش لەسەر ئەمانە بکەن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment