پەخشان زەنگەنە: بەداخەوە ئێستا قەزیەی ژن پاشەکشێی کردووە دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

خانمێکی ماندوونەناس و تێکۆشەرە، بە درێژایی ژیانی لە خەباتدایە پێیوایە، مرۆڤ تا لە ژیاندابێت خەبات دەکات بەڵام قۆناغ و سەردەم جۆری خەباتکردن دیاری دەکات.

پەخشان عەبدوڵڵا زەنگەنە، لە ساڵی (1979) بووە بە پێشمەرگە لە ڕیزی حزبی شیوعی کوردستان، دواتر لە پۆست و پێگەی جیاوازدا بەردەوامی بە خەباتکردن داوە، چوار ساڵ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، سەرۆکی لیژنەی ئافرەتان بوو لە پەرلەمان، ماوەی نۆ ساڵ ئەمینداری ئەنجوومەنی خانمانی کوردستان بوو.

سەبارەت بە کارو خەباتی خۆی پەخشان زەنگەنە دەڵێت" لە سەرەتای زووەوە سەرنجم زۆر لەسەر مافی مرۆڤ بوو، بە تایبەت مافی ژنان، چونکە هەستم بەو نابەرابەرییە دەکرد کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبوو، بەر لەوەی بە کرداری بڕۆمە شاخ لە ڕیزی ڕێکخستنی نهێنی حزبی شیوعیدا کارم دەکرد، لە ماوەی کارکردندا هەورازو نشێوی زۆرمان بڕی تا گەیشتینە ئێستا".

سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ژنی کورد، پەخشان زەنگەنە ڕایوایە کە "زەحمەتە کات و سەردەمێک بۆ خەباتی ژن دیاری بکرێت، چونکە خەبات تەنیا خەباتی سیاسی نییە، ژنان لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە گەورەترین ئەرکیان هەڵگرتووە لە پیاو زیاتر ماندووبوون بە ژیانەوە، سەرەتای خەباتی مرۆڤ بۆ مانەوە بووە لە ژیان، ژن ئەو کاتەش لە هەوڵی بێوچاندابووە. مێژوو دەڵێت: ئەوەی کە یارمەتی مرۆڤی دا لەسەر چوار دەست نەڕوات لەسەر دووپێ بڕوات و دەستەکانی ئازادبن ژن بووە، چونکە ژن کاتێک ویستوویەتی منداڵەکەی بە هەردوودەستی هەڵبگرێت، لەو کاتەوە دەستەکانی ئازادبووە. هەروەها داهێنانی کشتوکاڵیش لەسەر دەستی ژن بووە، کە هەنگاوێکی گەورەبووە بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی، چونکە جۆرێک لە جێگیربوون و کاری خۆکردی تێدایە، ژن کاتێک خواردنی بۆ منداڵەکەی پەیداکردووەو پێیداوە  بەروبوومی جویوەوکردوویەتییە دەمی منداڵەکەی، ئەوا کەوتووەتە سەر زەوی و سەوزبووە، دواتر درکیان پێکردووە و دووبارەیان کردووەتەو، بێ گومان ئەوە خەبات بووە بۆ مانەوە لە ژیان، بێ گومان لەگەڵ گەشەسەندنی ژیان، قۆناغەکانی تێپەڕاندووەو مرۆڤ هوشیاری پەیداکردووە".

مێژوو دەڵێت: ژن بووە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ لەسەر دووپێ بڕوات

ئایا لە کام قۆناغدا وەک باوە و دەگوترێت پیاوان لە ژنان هوشیارتربوون، ئایا بەڵگەی زانستی بۆ ئەوە هەیە؟ پەخشان زەنگەنە جەخت لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ جۆری خەباتکردن دەکاتەوە" هیچ کاتێک نەبووە پیاو لە ژن هوشیارتربێت، چونکە هەردووکیان کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ئەرکیان هەیە، ژیان ئەوەی سەپاندووە کە جێبەجێی بکەن، کە پێمانوابێت پیاو هوشیارتربووە شتیوانییە، ڕەنگە هەندێجار  کاتێک موڵکیەت پەیدابوو ژن کرایە چوارچێوەی ماڵەوە ئەوا جیاکارییەکان سەریان هەڵدا، لەگەڵ ئەوەی کەوتە ماڵەوە ئاسۆی بیرکردنەوەی تەسک بووەتەوە، سەرنجی کەوتووەتە سەر ماڵ و منداڵ بەخێوکردن کە ئەوانەش ئەرکی سەختن، بەڵام هەست کردن بە خۆی پێویستی بەوە نەبووە لەکەسی وەربگرێ هەمیشە ژن هوشیاری بە بوونی خۆی هەبووە لە ناخەوە هەستی بە مافەکانی کردووە، هەروەها بەرامبەر بە جیاکارییەکان لە ناخەوە ناڕازی بووە. ئەوانەش بەرامبەر بە جیاکارییەکان ناڕازی نین گێل کراون، چونکە وا خستوویانەتە مێشکی کە ئەو بونەوەرێکی کەمە".

ژنی کورد بەراورد بە ژنانی نەتەوەکانی دەوروبەر ئازادتربوون. ئایا ئەم جیاوازییە چۆن هەڵدەسەنگێندرێت؟  پەخشان زەنگەنە دەڵێت"لە کوردستان ژن لە سەرەتایەکی زووەوە لە بواری گشتیدا هەبووە، ڕەنگە بڵێن ئەو ژنانەی سیاسەتیان کردووە سودی بۆ ژنان نەبووە، بێگومان ئەوە ڕاست نییە، چونکە لە بنەمادا ئەوە هوشیاری و درککردنە بە تواناکان ونیشانەی متمانە بە خۆ بوونە، واتە خۆی بە شایانی خۆی زانیوە کە سەرکردایەتی بکات، بەڵام کە ژن ڕاستەوخۆ هاتووەتە بواری سیاسی ئەویش جیاناکامەوە لە هەست و هوشیاری خۆی وەکو مرۆڤێک کە شایستەی مافەکان و هەست بە بەرپرسیارێتی کردنە، بۆ نموونە حزبی شیوعی، واتە خەبات بۆ یەکسانی نێوان مرۆڤەکان بە ژن و پیاوەوە، لە سەرەتایەکی زووەوە درکم بەوە کردووە کە ئەوە ڕاستە بەڵام نابێت ژن لەو باردودۆخەدا بمێنێتەوە تاکو کۆمەڵگەیەکی یەکسان بێنێتە دی لەسەر بەرنامەیەک کە بەرنامەی من مارکسییە، لە پاڵ ئەوەدا دەبێت خەبات بکەین بۆ بەهێزکردنی ژن لە پێگەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەتا لەو کاتەدا کە مرۆڤەکان دەرفەت و مافی یەکسانیان نییە، بۆیە بەردەوام ئەوە لە مێشکی مندابووە".

لە پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی مافی ئافرەتان بووی، ئەوکاتە ئەو لیژنەیە چالاک بوو خۆشت یەکێک بووی لەو کەسە چالاکانەی کە کارت بۆ مافی ژن دەکرد، پێتوایە ئێستا بێدەنگی لەم بابەتەو پاشەکشێ لەسەر قەزیەی ئافرەتان هەیە؟ پەخشان زەنگەنە گوتی" بە داخەوە ئێستا قەزیەی ژن بەرەودواوە چووە. پاشەکشێ هەیە ئەمەش بەدەرنییە لە کاریگەرییە جیهانییەکە، جگە لە کاریگەری ناوخۆیی، تاکو ئێستاش لە هەندێ ناوچە ژنان لە ژێر فشاروچەوساندنەوەدا دەژین، هەروەها لە بواری گشتیشدا گوشارەکان لەسەر ژنان زۆرن، بە ژنی دەرەوەو ماڵەوە".

واقیعی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیە جۆری بەرەنگاربوونەوە دیاری دەکات

پێتوایە هۆکارەکان چین، ئایا دەرچوونەوەی راستڕەوەکان لە ئەمریکا پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، هەروەها هۆکارە ناوخۆییەکان چین؟ پەخشان زەنگەنە بەمجۆرە ئاماژە بە هۆکارەکان دەکات" ئێستا ڕێکخراوەکان پشتگیرییان نەماوە، ئەمەش وایکردووە بەرەی بەرامبەرو کۆنەخوازەکان دەنگیان بەرزتربێت چونکە مینبەروزۆر شتیان بۆ فەراهەم کراوە. ڕێکخراوەکان ناچارن ئەجێندای سپۆنسەرەکان جێ بەجێ بکەن چونکە پاڵپشتییان نییە. لەسەر ئاستی دەرەوە بێگومان دەرچوونی ترەمپ و ڕاستڕەوەکان زیانی زۆرە، دۆناڵد ترەمپ هەر باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە، ئێمەش بەشێکین لەو جیهانە بۆیە بەرکەوتەی هەموو شتەکان دەبین، لە 2003 کە ئەمەریکا هاتە عیراق یەکێک لە دروشمەکانی بابەتی ژن بووە، ئێمەش لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتین کاتێک کە پەیماننامەی سیداو دەرچوو بۆ نەهێشتنی جیاکاری دژی ژنان، بەلای منی ژنەوە گرنگییەکەی لە جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ کەمترنییە، بەڵام پشتگوێ خرا، لەسەر ئاستی جیهان سسیستەمی سەرمایەداری ئەوەندە دڕندەیە ئیستا هیچ بەهایەک کە پەیوەندی بە مرۆڤ و مرۆڤ بوون و مافی مرۆڤەوە هەبێت نەیهێشتووە. مرۆڤ ئەو بەهایەی نەماوە کە جاران هەیبوو، لەسەر ئاستی دنیا ئاوایە ئێستا سەیری ئەمریکاو ئەوروپا بکە هەتا نەتەوە یەکگرتووەکانیش، سەرمایەداری قوڕگی مرۆڤایەتی گرتووە. نابێ بەوە بخەڵەتێین کە لێرەولەوێ ژنێک پۆستێکی هەیە ئیستا بە گشتی ژنان دۆخیان باش نییە".

دەگوترێت ژنی کورد دەبێ دووجار هێزەی بەرەنگاربوونەوەی هەبێت، چونکە جارێک وەکو ژن و جارێک وەکو نەتەوە دەچەوسێندرێتەوە، بە بۆچوونی پەخشان زەنگەنە واقیعی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری هەر کۆمەڵگەیە دەیسەپێنن کە چ جۆرێک لە خەبات هەڵبژێری" واقیعی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک فەرزی دەکات کە هێزی بەرەنگاربوونەوەت چەندبێت، ئێمە کە پێشمەرگە بووین بە ناوبەفردا هاتووچۆمان دەکرد و دەژیاین، ژنی کوردیش واقیعەکەی فەرزی کردووە کە هێزی بەرەنگاربوونەوەی چی وەکو نەتەوەو چی وەکو ڕەگەز زۆربێت".  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین