د.سوها: یاسای باری کەسێتی عێڕاقی ژن دەچەسێنێتەوە دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

د.سوها یونس سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لەو کێشەو گرفتانە دەکات، کە بەهۆی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێڕاق لە کۆمەڵگەدا دروست دەبن دەڵێت: ئەم یاسایە کارەساتی کۆمەڵایەتی گەورە دەخوڵقێنێت.

دوای چەندیجار هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)ی عێڕاقی، لە ڕێکەوتی(٢٣/کانوونی دووەم/٢٠٢٥)  ئەم یاسایە لە پەرلەمانی عێڕاق تێپەڕێنرا، ئەگەرچی تا ئێستا نەچووەتە بواری جێ بەجێکردن و دادگای فیدڕاڵی هەڵیپەساردووە، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری لە جێ بەجێ کردنی ئەم یاسایە دەدەن بەوەی، کە لە کۆمەڵگەدا کارەسات دروست دەکات.

د.سوها یونس، سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، سەبارەت بە هەموارکردنی ئەم یاسایە دەڵێت: هەر یاسایەک کە لە کۆمەڵگە هەمواردەکرێتەوە لەبەرئەوەیە کە گرفتی کۆمەڵایەتی زۆرە و یاسایەک نییە چارەسەری زۆربەی کێشەکانی کۆمەڵگە بکات. بۆیە بیر لەوە دەکرێتەوە کە یاسای بۆ هەمواربکرێتەوە. کاتێک سەیری یاساکە خۆی و هەموارکراوەکەی دەکەی، پرسیاردەکەین ئایا ئێمە دەتوانین بەو هەموارکردنە ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی، کە لە کۆمەڵگەی عێڕاقیدا هەیە چارەسەربکرێت؟ بێگومان نەخێر چونکە سەرلەبەری ئەم یاسایە پڕە لە کەموکورتی و بۆ ئەم سەردەمە دەست نادات. 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا زۆربوونی کێشەکان بە هەموارکردنی ئەم یاسایە لەسەر چی بنەمایەکە؟ د.سوها دەڵێت: یەکێک لە خاڵی هەموارکردنەکە بردنە پێشی تەمەنی منداڵانە بۆ هاوسەرگیری کردن، کە دەڵێن لە نۆ ساڵیدا ئەگەر باڵق بووبێت دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، هەروەها لە چواردەساڵیدا دەتوانێ لە دادگا  گرێبەست بکات. ئایا کچ لەو تەمەندا توانای گرتنە ئەستۆی ئەرکی ماڵ و خیزان بەڕێوەبردنی هەیە؟ هەروەها لە یاساکەدا هاتووە، کە هاوڵاتییان سەرپشکن لەوەی کامە مەزهەب هەڵدەبژێرن، ئایا منداڵێکی چواردەساڵ توانای ئەقڵی لەو ئاستەیە کە بزانێت کامە مەزهەب بۆ بەرژەوەندی ئەو باشە؟

ئایا هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە لەم دۆخەدا چەند پێویستە؟ لە کاتێکدا جۆرەها کێشەی جۆراوجۆر لە عێڕاق هەیە؟ د.سوها ڕایوایە: ئەم جۆرە هەموارکردنە بۆ کۆمەڵگەیەکی عەشایەر و دواکەوتووە، کە هەرچۆنێک بێت کچەکان هەر لە تەمەنی منداڵیدا بە شو دەدەن بۆیە دەڵێن، با بە یاسا ڕێکی بخەین، بەڵام لەم حاڵەتەشدا یاسای جەعفەری، تەنیا لە بەرژەوەندی پیاوانەو مافەکانی ژنان پێشێل دەکات، واتە ئەو گرفتەشی پێ چارەسەرناکرێت، بەڵکو کێشەو گرفت زیاتر دەکات، چونکە بەپێی یاسای جەعفەری، پیاو سەربەستە لە هەڵبژاردنی مەزهەب، کەی ویستی جیادەبێتەوەو ژن مافی داواکردنی تەڵاقی نییە، هەروەها ئافرەت تەنیا لە پارەدا بەشەمیراتی دەکەوێت لە موڵکدا بێبەش دەکرێت. ئایا ئافرەتێک کە جیادەبێتەوە چۆن مافەکانی دەستەبەر دەکرێت کاتێک پیاوەکە هەموو پارەکانی کردووەتە زەوی و موڵک؟  ئایا کاتێک ژنێک گەورەدەبێت لە تەمەندا و هیچ موڵکێکی نەبێت چۆن بەخیودەکرێت و ناکرێتە دەرەوە لە لایەن نەوە و بوک و کوڕ؟ وێرای ئەوەی کە ماف بە باوکان دەدەن لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە کچەکانیان بە شووبدەن، ئەوە بە یاسایی دەکرێت، کاتێک منداڵ بە شودەدرێت، ناپاکی هاوسەری، جیابوونەوە، خستنەوەی منداڵی تاوانبار و نا پەروەردەکراو دەخرێتە کۆمەڵگە، چونکە لە بنەمادا خێزانێکی ناتەندروست دروستکراوە. ئەی بیر لە لایەنی دەروونی ئەم منداڵانە ناکرێتەوە کە تەمەنی منداڵییان لێدەسەنرێتەوە یەکسەر ئەرکی کەسێکی گەورە دەخرێتە سەرشانیان؟ دەبێ ئەوەش بزانین کە بایۆلۆژی ژنی پێشووتر جیاوازە لە بایۆلۆژی ژنانی ئێست، چونکە سەردەمەکە زۆر گۆڕاوە لە هەموو ڕوویەکەوە.

عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتە و مەزهەبە، ئایا دانانی یاسایەکی مەزهەبی دەشێت بۆ وەها وڵاتێک؟ د.سوها جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەو کێشانەی کە لە ئەنجامی جێ بەجێکردنی ئەم یاسایە دروست دەبن، زۆر و ئاڵۆزن، چونکە عێڕاق ئایین و مەزهەبی جیاواز و نەتەوەی جیاوازیشی تێدایە، لە ناو خودی مەزهەبەکانیشدا ڕای جیاواز هەیە، بۆیە وڵاتێکی ئاوا پێویستی بە یاسایەکی مەدەنییە. ئەگەر بڵێین هەرێمی کوردستان لەم یاسایە زیانمەند نابێت، ئەوا ڕاست نییە، وەکچۆن ئەو پیاوانەی لە هەرێمی کوردستانن و دەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن دەڕۆن لە پردێ و مەخمور بە یاسای حکوومەتی ناوەندی گرێبەستی هاوسەرگیری دەکەن، ئەوا کەسێک بیەوێت ئەم باڵادەستییەی پیاو بەکاردێنێ و دەڕوات بە یاساکانی ئەوان هاوسەرگیری دەکات، لەم حاڵەتەشدا ژن لە مافەکانی بێبەش دەکرێت. 

لە بەرئەوەی هیچ یاسایەک نییە ڕێگری لێ بکات، دوای جیابوونەوەش هەتا مافی بەخێوکردنی منداڵیش لە ژن دەسەنرێتەوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین