سەرۆک بارزانی: دادگەی فیدڕاڵی بڕیارەکانی سیاسین و ڕێز لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان ناگرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جارێکی دیکە جەخت لە ھەڵوێستی پارتی دەکاتەوە و دەڵێت، "دادگەی فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەکانی سیاسین و بە شێوەیەک نین کە ڕێز لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگیرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (سێی نیسان/2024) سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا "لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ھەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا و خاتوو جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە دا کە ئاگاداری ئەوەیە کە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بووە لە کاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەکانی پارتی لەمەڕ ھەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریکردنی پارتی لە ھەڵبژاردن کردەوە و ڕاشیگەیاند کە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەکی زەحمەت دەبێت."

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی ھۆکارەکانی ھەڵوێستی پارتی ڕوون کردەوە و ئەوەی خستەڕوو کە "دادگەی فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەکانی سیاسین و بە شێوەیەک نین کە ڕێز لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگیرێت."

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو "کە بێبەشکردنی پێکھاتەکان لە نوێنەرایەتیکردنیان زیانێکی زۆر گەورە بەو پێکەوەژیانە دەگەیێنێت کە گەلی کوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی کردووە. دەبێ مافی پێکھاتەکان ڕەچاو بکرێن چونکە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە کوردستاندا ھەست بە بوونی خۆیان بکەن. پارلەمانێک نەتەوەکانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێکی لەنگ و ناکامڵ دەبێت."

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، لەبارەی پێویستیی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن دەبێت، "ھەڵبژاردنێک کە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی کوردستان بکات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەکی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەکان."

لە کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ھێمای بەوەدا کە "لە ھەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و ھەڵبژاردن بووە و خۆی لە ١٩٩١ لە شاری کۆیە ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی دا ھاتووە، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی کردەوە "کە لە عێراقدا ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکرێن، بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە کاتی پێکھێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت ھەبوو و تا ئێستا ھیچ یەک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەکی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵکی کوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵکی کوردستانیان وەک چەکێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ھەرێم و بێزارکردنی خەڵکی کوردستان بەکار ھێناوە."

ھەروەھا سەرۆک بارزانی بەپێویستی زانی "لەپێناو بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفافدا کێشە تەکنیکیەکان چارەسەر بکرێن و لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت."

بلاسخارت بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند "کە کێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس کردووە و ناکرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری عێراق ھەبێت و لە ھەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق باس بکات. ھەروەھا پێشنیاریشی کرد بۆ بابەتی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەکنیکیانەی کە پارتی تێبینیی لەسەریان ھەیە."

دەشڵێت، لەو کۆبوونەوەدا ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی ھەرێم پێویستە گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن چارەسەر بکرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین