سەرۆک بارزانى: شاڵاوی ئەنفال بە ئامانجی سڕینەوەى مرۆڤی كورد ئەنجام درا کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک مەسعود بارزانى، لە (36)مین ساڵیادى ئەنفال لە پەیامێکدا ئەنفال بە "یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق" ناو دەبات و دەشڵێت، "ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون."

ڕۆژى یەکشەممە (14/نیسان/2024) سەرۆک بارزانى لە ساڵیادى (36)مین ئەنفال پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی ئەنفالد پێزانینمان بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان هەیە و سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆك بارزانی لە یادی سی و شەش ساڵەی ئەنفال: 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

شاڵاوی ئەنفال یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق كە بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردن و قڕكردنی مرۆڤی كورد ئەنجام درا. لەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەدا كە لە چەند قۆناغ و بە شێوەیەكی ڕێكخراو سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، سەدوهەشتا هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. لەگەڵ ئەوەشدا كیمیابارانكردنی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند و پلانی بەعەرەبكردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و دیموگرافی و كۆمەڵایەتی و دەروونی كوردستان بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە بەشێوەیەكی ڕێكخستوو و ئامانجدار لەلایەن ڕژێمی عێراق بەرانبەر گەلەكەمان ئەنجام درا.

ڕاستە ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی تر تووشی شكست بوون و كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون. سەرباری ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلەكەمان كراوە بەداخەوە هێشتا دەنگ و ڕەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت. ئەركی سەرشانی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقە كە کار بۆ قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆساید و زوڵمە بكەن كە لەبەرانبەر گەلی كوردستاندا ئەنجام دراوە و پێویستە ڕێگە لە هەموو جۆرە هەوڵ و سیاسەتێكی شووم بگرن كە بە دیدێكی شۆڤینی و نكۆڵیكار سەیری مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پێزانینمان بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان هەیە و سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

مسعود بارزانی

14ی نیسانی 2024

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین