مەسرور بارزانى سەردانى هەڵەبجە دەکات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێوڕەسمى دانانى بەردى بناغەى سایلۆى پارێزگاى هەڵەبجە ڕایگەیاند، "هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون."

ئەمڕۆ یەکشەممە (30/حوزەیران/2024) مەسرور بارزانى ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگەی هەڵەبجە، بەردی بناغەی سایلۆی ئەو پارێزگایەى دانا، کە بە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار جێبەجێ دەکرێت.

لە گوتارێکدا سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە رێکارەکانى تەواوکردنى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە ئاماژەى بەوەکرد، "ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن."

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا

زۆر زۆر بەخێر بێن

زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی تر توانیم بێمەوە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. من بەخێرهاتنێكی تایبەتی وەزیری بازرگانیی حكوومەتی فیدراڵی دەكەم بۆ شاری هەڵەبجەی خۆشەویست. زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم جارێكی تر دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە بێینەوە خزمەتی خەڵکی خۆشەویست و نیشتمانپەروەری هەڵەبجە بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بە پێی مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت و بخرێتە خزمەت خەڵک و جووتیارانی ئەم دەڤەرە.

حەفتەی ڕابردوو، شاندێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پاڵپشتیی پارێزگای هەڵەبجە، لە کەسایەتییە ناسراوەکانی پارێزگەی هەڵەبجە، سەردانیان کردین و گفتوگۆیەکی بە سوودمان کرد لە بارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان و بنەما و ژێرخانی ئابووری لەم دەڤەرەدا، بە شێوەیەک كە وا بکەین خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان و عێراق و دەوروبەریش بۆ کاروباری بازرگانی، ڕوو لەم دەڤەرە بکەن ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە دەبێت کە هیوادارم کەرتی تایبەتیش لێرە و لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ زیاتر گەشەپێدانی ئابووری لە پارێزگەی هەڵەبجە.

هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حكوومەتی فیدڕاڵەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت، لەم ڕووەوە ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو ڕێکارانە تەواو بکرێن.

هەڵەبجە وەک زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و زوڵم و ستەمێکی زۆری لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لێ کراوە و بووەتە سیمبولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی ڕژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بە گشتی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا.

بەڕێزان: 

دروستکردنی ئەم سایلۆیە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی جووتیارانی ئەم دەڤەرە و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کە ئەم ناوچەیە لەم ڕووەوە زۆر دەوڵەمەندە و بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی یان گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستەبەر دەکات. لەم ڕووەوە هەرچی لەسەر حکومەت بێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە، درێخی ناكەین.

هیوادارم هەڵەبجە و کوردستان بە گشتی، هەمیشە هەر لە گەشانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتردا بن.

زۆر زۆر بەخێر بێن

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین