سەرۆک بارزانی لە یادی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت

پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی (41) ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان "ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون، ھەر ھەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە."

ئەمرۆ چوارشەممە (31/تەمموز/2024) سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی (41) ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، "سوپاسی خەڵکی بەئەمەکی کوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی ھەولێر و ھەریر و سۆران دەکەین کە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا ھاوسۆزی بارزانییەکان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە دەکەین کە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە."

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

ڕژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا ھەشت ھەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی ھەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و کوردبوون دەستبەسەر کرد و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن. ئەو تاوانە بەشێک بوو لە دەستپێکی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەکی ڕێکخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی کوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، ھەر لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەھەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و کیمیابارانەکان لە سەرتاسەری کوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان.

لە چل و یەکەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەنێرین. ھەروەھا سوپاسی خەڵکی بەئەمەکی کوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی ھەولێر و ھەریر و سۆران دەکەین کە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا ھاوسۆزی بارزانییەکان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە دەکەین کە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.

ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون، ھەر ھەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە. 

ئەو عەقلیەتە ھۆکاری سەرەکیی دواکەوتوویی و نەھامەتی و کارەسات بووە، بۆ ھەموو گەلانی عێراق و ناوچەکە.

مسعود بارزانی

31ی تەممووزی 2024

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین