وەزیری بەرگریی تورکیا: هیچ کێشەیەک نییە لەنێوان ئێمە و سووریا چارەسەر نەکرێت تورکیە

نوچە نێت

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا رایگەیاند، "بەشار ئەسەد لە ئێمە تێگەیشتوە، هیچ کێشەیەک نییە لەنێوان ئێمە و حکوومەتی سووریا چارەسەر نەکرێت."

ئەمڕۆ شەممە (31/ئاب/2024) ماڵپەڕی (a habar) بڵاویکردەوە، لە ساڵانی رابردوو چەندین کێشەی گەورە لەنێوان سووریا و تورکیادا هەیە، لەو دواییانەدا هەنگاوی جددی هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و وەزیری بەرگریی تورکیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "من کۆتا لێدوانی ئەسەد بە ئەرێنی سەیردەکەم، سەرۆک کۆمارمان رایگەیاندبوو کە دەکرێت کۆببینەوە و هەروەها ئەسەدیش لەو بابەتە لەئێمە تێگەیشتووە." 

گولەر ئاماژەی بەوەش کرد، "لە پێناوی بەرژەوەندی هەردوو وڵات دەمانەوێت بە خێرایی کۆتایی بە ململانێکانمان بهێنین و بەجددی کاربکەین وەک دوو وڵاتی دراوسێ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان." 

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "لە خاکی عێراق شوێنێک نییە بۆ پەکەکە، لەو دواییانە دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵوێستی جددیان نیشانداوە بەهاوبەشی ڕووبەرووی رێکخراوە قەدەغەکراوەکان ببینەوە." 

وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە شاری کەرکوک گوتی، بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق وردەکاری رووداوەکە رادەگەیەنین، راشیگەیاند، "تورکیا بە مەبەستی بەرگریی لە وڵاتەکەی بەگوێرەی ماددەی (51)ی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزەکانمان بەرەنگاریی تیرۆر دەبنەوە، واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ عێراق کردووە، بەیەکەوە بەردەوامدەبین و لەداهاتووش ئەنجامی کۆنکرێتی دەبینین و بەتایبەت باکووری عێراق لە پەکەکە پاکدەکەینەوە بەو نەخشەیەی سەرۆکەکەمان کێشاویەتی."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین