تورکیا بە دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی بە ناوی ئەژدەها سەرنجی جیهان بۆلای خۆی ڕادەکێشێت تورکیە

نوچە نێت

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی نوێی تورکیا بە ناوی ئەژدەها سەرنجی جیهان و وڵاتانی ناوچەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە بەتایبەت خستنە خوارەوەی (51) درۆن لە یەک کاتدا بووە سەرکەوتنێکی گەورەی پیشەسازی بەرگریی تورکیا لە نێو وڵاتان.

کۆمپانیای بەناوبانگی پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی سەربازیی تورکیا ئاسێلسان (ASELSAN) لە نوێترین نمایشیدا پەردەی لەسەر داهێنانی سەربازیی خۆی بەناوی  ئه‌ژده‌ها لادا، ئەو سیستەمە بەرگرییە بەبێ تەقاندنی هیچ فیشەک، موشەک یان تەقەمەنییەک، تەنها لەڕێگەی شەپۆلی کارۆموگناتیسیی بەهێزەوە هێرشی بە کۆمەڵی درۆن لەئاسماندا تێکدەشکێنێت و دەیانخاتە خوارەوە.

هاوکات ئەو کۆمپانیایە لە (51)مین ساڵیادى دامەزراندنیدا، تاقیکردنەوەی مەیدانیی بۆ سیستەمی دژە درۆنی ئەژدەها ئەنجامدا بە ئامادەبوونی چەند میدیا و بەرپرسانی باڵای تورکیا. ئەم سیستەمە کارۆموگناتیسییە دەتوانێت تەنها بەداگرتنی یەک دوگمە و لە دووریی یەک کیلۆمەترەوە، پۆلە درۆنە هێرشبەرەکان ‌و تەنانەت (51) درۆنی بەوایەریش (فایبەر ئۆپتیک) لە یەک کاتدا تێکبشکێنێت. هاوکات لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا بە سەرکەوتووی توانی درۆنێکی جۆری (FPV) لە دووری (1000) مەترەوە پەکبخات، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا توانی (51) درۆن بخاتە خوارەوە لەیەک کاتدا.

کۆمپانیای ئاسێلسان سەبارەت بەو سەرکەوتنە گەورەیەی تۆماریان کردووە رایگەیاند کە، پەکخستنی ئەو هەموو درۆنە لەیەک کاتدا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای وزەی ئاراستەکراو یەکەمجارە لە جیهان ئەنجام بدرێت، هەروەها دوای ئەو سەرکەوتنە بێ وێنەیە بڕیارە وەزارەتی بەرگریی تورکیا سیستەمی ئەژدەها بخاتە ناو تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی تورکیاوە کە بە گومبەزی پۆڵایین (Çelik Kubbe) ناسراوە. بخرێتە خزمەت بەرگریی تورکیا.

ئەحمەد ئاکیۆڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاسێلسان دوای تاقیکردنەوەی سیستەمە نوێکەیان رایگەیاند، ئەم داهێنانە وەرچەرخانێکی مێژوویە و ئەمە یەکەمجارە سیستەمێکی بەرگریی دروستبکرێت و بەرهەمی ئەزمونی زیاتر لە نیو سەدە کارکردنی کۆمپانیاکەمانە و سیستەمی ئەژدەها پێیناوەتە ناو بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵ و لە چوارچێوەی بیناسازی بەرگریی ئاسمانی تورکیا بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەکی بە کۆمەڵی درۆن بەکاردەهێنرێت و ئامانجمانە ژمارەیەکی زیاتر لەو سیستەمانە بەرهەم بهێنین.

سەبارەت بە چۆنییتی کارکردنی سیستەمەکە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیاکەیان لەڕێگەی تێکەڵکردنی ژیریی دەستکرد (AI)، هەستەوەری پێشکەوتوو و چەکی وزەی ئاڕاستەکراو بەرهەم هاتووە، بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی سەردەم و بەتایبەت لە ئێستادا کە لە جیهان و وڵاتانی ناوچەکەمان ململانێیەکی زۆر سەری هەڵداوە و هەڕەشەی جدییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان.

دوای دەنگدانەوەیەکی زۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا و جیهاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە سیستەمە نوێکەی ئەژدەها کردوو ڕایگەیاند، "ئێمە خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی نوێین کە لە توانایدایە بەیەک دوگمە (51) درۆن تێکبشکێنێت بەبێ ئەوەی یەک مووشەک و تەقەمەنی بەکاربهێنین. کۆمپانیای ئاسێلسان سیستەمی ئەژدەهای بەرهەمهێناوە کە خاوەنی دروستکراوی ناوخۆی خۆمانە و لە داهاتوودا دەبێتە بەڵایەک بۆسەر سوپاکانی دوژمن، چونکە دەتوانێت لە دووری یەک کیلۆمەتر هێرشەکان تێکبشکێنێت.

هاوکات لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئۆکراینا بەمشێوەیە باس لەو سیستەمە نوێیەی تورکیا دەکات و دەڵێت، سیستەمی ئەژدەها کە لە (15)ـی تشرینی دووەمی (2026) لەلایەن کۆمپانیای ئاسێلسان تاقیکرایەوە و دەڵێت، سەرکەوتنی سیستەمی ئەژدەها لە بەرامبەر بە درۆنی وایەرلێس و چەندین ئامانج، بەواتای ئەوە دێت کە تواناکانی پیشەسازی بەرگریی تورکیا لە تەکنەلۆژیای جەنگی نەوەی نوێدا پێشکەوتێکی گەورەی بینیوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین