دەوڵەت باخچەلی: ئەگەر ئاشتی نەبێت سەقامگیریش نابێت تورکیە

نوچە نێت

سەرۆکی گشتی مەهەپە لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، "کاتێک سەیری ناوچەکانی دەوروبەرمان و جیهان دەکەین ئەوەی پێویستە هەبێت ئاشتی و سەقامگیرییە. ئەگەر ئاشتی نەبێت سەقامگیریش نابێت."

ڕۆژی سێشەممە (2026/11/17) ماڵپەڕی (a habar) بڵاوی کردەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی پارتی مەهەپە لە کۆبوونەوەی گشتی گرووپی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر ململانێکانی وڵاتانی ناوچەکە و گووتی، "لەگەڵ بوونی ئەم هەموو ململانێیانە لەئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ هەموو جیهان سەقامگیری و ئاشتی پێویستە، ئەگەر ئاشتی نەبێت سەقامگیریش نابێت. ئەو هێرشانەی ئەنجام دەدرێت بێ ئەوەی کاریگەرە خراپەکانی نەمێنێت بەردەوامە بۆ سەر کۆمەڵگە و بەتایبەت میللەتەکەمان، ئەگەر سەیرکەین شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا لە ساڵی (2014) دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و دوای ئەم هەموو دانوستاندن و گفتوگۆکان نەتوانراوە بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەجەنگ بهێندرێت."

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی مەهەپە باسی لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی یەمەن کرد و گووتی، ناکۆکییەکانی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی (2014)ـەوە دەستیپێکردووە و لەم کۆتاییانەشدا ململانێکان زۆر زیاتر بووە، شەڕی یەمەن ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکەمان کردووە."

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆسەی "تورکیایەکی دوور لە تیرۆر لە کۆتاییەکانی ساڵی (2024) دەستمان پێکرد، پرۆسەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەقڵییەتی کۆن و ڕووحی سەردەمی ئێستاماندا هەیە، هەنگاوەکانی پرۆسەکە و بەردەوامیدان بە پرۆسەکە بەئامانجی جێبەجێکردنی چاوەروانییەکانی گەلی تورکیایە و گۆرانکارییەکی گەورەیە لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆدا و قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکانە و لەلایەن هەموو جیهان بەشێوەیەکی فراوان پێشوازییەکی سیاسی زۆری لێکراوە."

جێگەی باسە، سەرۆکی مەهەپە بە ئەندازیاری پرۆسەی نوێی ئاشتی بۆ کۆتایهێنانی ململانێکانی حکومەتی تورکیا و رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت، کە لەکاتێکدا باخچەلی لە ڕابردوو دژایەتییەکی زۆری چارەسەری پرسی کورد و شەڕی (40) ساڵەی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەی دەکرد. 

  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین