حکومەتى هەرێم ناوەڕۆکى کۆبوونەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچە نێت

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە (هەشتى ئەیلوول/2024) سەبارەت بەو کۆبوونەوە حکومەتى هەرێم راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوەکە هاتووە، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە رێزگرتن لە دەستوور و رێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان."
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەکو چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرە و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات."
مەسرور بارزانی ئاماژەى بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دەبێت رێز لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بگیرێت، لەم چوارچێوەیەدا رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوڕابوون لەسەر گرنگیی و پێویستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور، "گوتیشی، هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە."

راگەیێندراوى حکومەتى هەرێم باس لەوەش دەکات دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد؛ بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین