سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشى ئه‌يلوول شۆڕشى هه‌موو گه‌لى كوردستان بوو بەهه‌موو پێكهاته‌كانيه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێت، "جه‌خت له‌ ئيراده‌ى پته‌وى گه‌لى كوردستان بۆ پاراستن و به‌ده‌ستهێنانى ته‌واوى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانيدا ده‌كه‌ينه‌وه."

ڕۆژی چوارشەممە (11-9-2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ (63) هه‌مين ساڵيادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوولدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیێنێت، "شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول كه‌ شۆڕشى هه‌موو گه‌لى كوردستان بوو به ‌هه‌موو پێكهاته‌كانيه‌وه‌، بووه‌ كرۆكى بير و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى و شكۆى هه‌موو كوردستانييان و ئيراده‌ى پۆڵايينى گه‌لى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م."

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

له‌ (63) هه‌مين ساڵيادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوولدا، بارزانيى نه‌مر، ڕابه‌رى شۆڕش و ته‌واوى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ هێز و ده‌ست و بازووى‌ شۆڕش بوون و به‌ پێزانين و شكۆدارييه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌. دروود بۆ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ هه‌موو خه‌باتگێڕانى ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ كه‌ هێشتا له‌ ژياندان. هيواى ته‌مه‌ندرێژى و سه‌لامه‌تييان بۆ ده‌خوازين.

شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول كه‌ شۆڕشى هه‌موو گه‌لى كوردستان بوو به ‌هه‌موو پێكهاته‌كانيه‌وه‌، بووه‌ كرۆكى بير و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى و شكۆى هه‌موو كوردستانييان و ئيراده‌ى پۆڵايينى گه‌لى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و داگيركارى. شۆڕش ده‌نگى زوڵاڵى ئازاديخوازان و دۆزى ڕه‌واى گه‌ل و نيشتمانێك بوو كه‌ له‌پێناو ئازاديدا هه‌موو قوربانييه‌كى به‌خشى. بووه‌ بنه‌ماى يه‌كه‌مين دانپێدانانى فه‌رمى به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا و بناغه‌ى هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواترى.

له‌ كاتێكدا به‌ شانازييه‌وه‌ ئه‌م ياده‌ پيرۆزه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، جه‌خت له‌ ئيراده‌ى پته‌وى گه‌لى كوردستان بۆ پاراستن و به‌ده‌ستهێنانى ته‌واوى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانيدا ده‌كه‌ينه‌وه. ده‌ست به‌ پره‌نسيپ و به‌ها باڵاكانى شۆڕشه‌وه‌ ده‌گرين له‌ خه‌بات و تێكۆشان و كۆڵنه‌دان له‌پێناو ئازادى و ديموكراسيدا و به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ تا گه‌يشتن به‌ سه‌ركه‌وتن و به‌ديهێنانى خه‌ونى شه‌هيدان، به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر، به‌رده‌وام ده‌بين.

به‌رز و شكۆدار بێت يادى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوول، سڵاو له‌ يادى شه‌هيدانى كوردستان و دروود بۆ گيانى پاكيان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین