هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری ئێران لە هەولێر كۆبوونەوە، سەرۆك نێچیرڤانی ڕایگەیاند، "گه‌لى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ پشتگیرى و هاوكاریى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت."

به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (12/ئەیلوول/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر، پێشوازیى له‌ مه‌سعوود پزشكیان، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندى یاوه‌رى كرد.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى هه‌ردوولا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، "وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، یه‌كه‌م سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئیرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌یامێكى به‌هێزى دۆستایه‌تیى نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م دا."

هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی "خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا‌، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ پشتگیرى و هاوكاریى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت."

هاوكات‌ مەسعود پزشكیان لای خۆیەوە خۆشحاڵیى خۆى به‌ "سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆمارى ئیسلامیى ئێران به‌ بایه‌خ و گرنگییه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و وڵاته‌كه‌ى خوازیاره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەكە، هه‌ردوولا "ستایشى په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ و له‌مێژینه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتووریدا كرد. پاشان به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، باسیان له‌ ئاستى ئێستاى په‌یوه‌ندیى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چۆنیه‌تیى فراوانكردنیان و بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان كرد."

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسیان له‌ گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ "هه‌رێمى كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منیى عێراق و ئێرانه‌."

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ به‌شداریى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندى یاوه‌رى، دیدارێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى كوردستان ئه‌نجام دا.

تیایدا باس له‌ بایه‌خ و گرنگیى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌وڵه‌مه‌ندیى كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ئایین و فره‌نه‌ته‌وه‌كان كرا و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ ئاشتى، پێكه‌وه‌ژیان، ته‌بایى و برایه‌تیى نێوان گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین